هەواڵ

ژمارەیەک چەکدار هەڵدەکوتنە سەر ماڵى پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ


بزاڤــ : پەیوەست بەرزنجى
لەچەند ڕۆژى ڕابردوودا ژمارەیەک چەکدار لەگوندى دێلێــژە هەڵدەکوتنە سەر ماڵى پڕۆفیسۆر عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ و زیانێکى زۆرى مادى پێ دەگەیەنن.

خزمێکى نزیکى عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ لەلێدوانێکى تایبەتدا بە بزاڤ-ى ڕاگایاند: لەچەند ڕۆژى ڕابردوودا چەند کەسێکى چەکدار بەمەبەستى دزیکردن لە گوندى دێلێژە هەڵدەکەوتنە سەر ماڵى پڕۆفیسۆر عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ و زیانێکى زۆر بە کتێب و کەلوپەل و ناوماڵەکەى دەگەیەنن، بەڵام دواى ئاگاداربونەوەى خەڵکى گوندەکە دزەکان هەڵدێن و تەقەکردن لەنێوان خەڵکى گوندەکەو چەکدارەکان ڕوودەدات.

ئەو کەسە نزیکەى عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ ئاماژەى بەوەشکرد پێشتر بنکەیەکى پۆلیس لەگوندەکە هەبووە، بەڵام بەبڕیارى بەرپرسێکى ئەمنى بنکەکە هەڵوەشاوەتەوەو پۆلیسەکان گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکى ترو پاسەوانى باخ و ڤێلاى بەرپرسەکە دەکەن.

سەرچاوەکە وتیشى لەوکاتەوەى بنکەى پۆلیس لەگوندەکە نەماوە دزیکردن و تەقەکردن لەخەڵکى گوندەکە سەرى هەڵداوە، جگە لەوەى ڕاوکردن لەسنورەکە زۆر زیادى کردووە. بۆیە داوایکرد کە ئەو بنکەیە دابنرێتەوە چونکە زۆر پێویستە.

پڕۆفیسۆر عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ یەکێکە لە شارەزایانى بوارى زمانى کوردى و براى فاروقى مەلا مستەفا خاوەنى کۆمپانیاى ئاسیاسێڵە، باوکیشیان "مستەفا سەفوەت" یەکێک بووە لەشاعیرە دیارەکانى کورد و جێگەیەکى دیارى لەئەدەبى کوردیدا هەیە.

گوندى دێلێژە دەکەوێتە سنورى پارێزگاى سلێمانى و یەکێکە لەشوێنە گەشتیارییەکانى کوردستان و بەپێى سەرچاوەکانى مێژوو زیاتر لە سەد ساڵ پێش شارى سلێمانى ئاوەدانکراوەتەوەو ژیانى تیابووە. 



‌‌‌
10/25/2018 7:43:10 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ