هەواڵ

یەکگرتوو: بەشداری کابینەى حکومەت ناکەین و دەبینە ئۆپۆزسیۆن


بزاڤــ:

 ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان کۆبووەوە و رایگەیاند بەشداری کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ناکەن و دەبنە ئۆپۆزسیۆن.

 لە بەیاننامەیەکدا ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتوو رایگەیاند، کۆبوونەوەکەیان ھەڵوەستەی جدی کردوە لەسەر ئەوپێشێلکاری و ساختەکاریانەی کە ھەردوولایەنی دەسەڵات لە پرۆسەی ھەڵبژاردندا کردوویانە بە مەبەستی گۆڕینی رێژەی دەنگەکان لە بەرژەوەندی خۆیان.

یەکگرتوو ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن ڕەتدەکاتەوە و کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبەکە، ئەمرۆ دووشەممە(٢٢ی تشرینی یەکەمی٢٠١٨)"جارێکی تر تەئکیدی کردەوە لەسەر رەتکردنەوەی ئەنجامەکان و گرتنە بەری رێکاری یاسایی پێویست لەو پێناوەدا". 

بەیاننامەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتوو ئەوەشی خستەروو، بەشداری کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێم ناکەن" یەکگرتوو لەم خولەدا بەشداری کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێم ناکات و وەک ئۆپۆزسیۆن درێژە دەدات بە خەباتی سیاسی و پەرلەمانی خۆی".

یەکگرتوو لە ساڵی١٩٩٤ خۆی راگەیاندوە، پێشتر بەشداری چەند کابینەیەکی حکومەتی ھەرێم بووە،لە ھەڵبژاردنی (٣٠ی ئەیلولی ٢٠١٨) بەشداری ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی کرد و  پێنج کورسی بەدەستھێنا و رێژەی دەنگەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کرد.




‌‌‌
10/22/2018 2:26:08 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ