هەواڵ

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم: گروپێکی دزین و بە قاچاغبردنی نەوت دەستگیرکرا


بزاڤــ:

ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی گروپێکی دزین و بە قاچاغبردنی نەوتی ڕاگەیاند.

لەو ڕاگەیەندراوەکە کە ئێوارەی ئەمرۆ پێنجشەممە ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی ئاسایش دەڵێت "له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌کانی جێبه‌جێکردنی یاسادا، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و نه‌هێشتنی ده‌ستێوه‌ردان له‌ موڵکی گشتیی، به‌پێی بڕیاری دادوه‌ر و له‌ ئۆپه‌راسیۆنێکی ده‌زگا ئه‌منییه‌کان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی گشتی، گروپێکی دزین و به‌ قاچاخبردنی نه‌وت ده‌ستگیرکرا".

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایش، گروپەکە "پێکهاتووه له‌ چوار هاووڵاتی و دوو کارمه‌ندی ئاسایش".

ئاماژەی بەوەشکردووە، ده‌ستگیرکراوان به‌ پێی رێوشوێنه‌ یاساییه‌کان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت و دوای ته‌واوبوونی لێکۆڵینه‌وه‌کانیش، له‌لایه‌ن دادگاوه‌ دۆسیه‌کانیان یه‌کلاده‌کرێته‌وه‌.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا، ئەنجومەنی ئاسایش دەڵێت "پێویسته ده‌زگا ئه‌منییه‌کان له‌ ناوچه‌ جیاجیاکانی دیکه‌ی هه‌رێم جێبه‌جێکاری یاسابن و به‌هه‌مانشێوه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ رێگر و یاساشکێنه‌کان بکه‌ن و داڵده‌ی قاچاخچی و گه‌نده‌ڵکاران نه‌درێت".

ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ، سەفین دزەیی وتەبێژى حکومەتى هەرێم لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسییدا باسی لە دەستگیرکردنى ژمارەیەک بەرپرس کرد و ڕایگەیاند، دەستگیرکردنى ئەو ژمارە بەرپرسە لەسەر بنەماى چەند ڕاپۆرتێک بووە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.


‌‌‌
10/18/2018 8:50:54 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ