هەمەڕەنگ

هالە غورانی




بزاڤـ :پێشەوا شێخ رەئووف

     کاتێک تەماشاى کەناڵى CNNى ئەمریکى دەکەیت، کچێکى شۆخ و شەنگى چاوکاڵى ڕەنگ سپى سەرنجت ڕادەکێشێت. ئەم کچە بێژەرە چەندێک دیمەنى شیرینى سەرنجڕاکێشە، دوو هێندە تواناو لێهاتوویى لەپێشکەشکردنى هەواڵ و بەرنامەو شێوازى خوێندەوەدا سەرنجت ڕِدەکێشێت، ئەو میدیاکارە چاوکاڵە "هالە غورانى"یە، کە یەکێکە لە ڕۆژنامەنوسە دیارو بەتواناکانى میدیاى ئەمریکى.

- ژیانى
هالە غورانى لە 1/3/1970ى زاینى لەدایک و باوکێکى سورى لە"سیاتل"ى واشنتۆن لەدایکبووە، دایک و باوکى پێشتر دانیشتوى شارى "حەلەب"ى سوریابوونە، بەڵام دواتر دەچنە جەزائیرو لەوێ دەمێننەوە، پاشان کۆچ دەکەن بۆ فەرەنساو ماوەیەک لەشارى پاریس نیشتەجێ دەبن، پاش ئەوە کۆچ دەکەن بۆ ئەمریکا لەوێ لە واشنتۆن نیشتەجێ دەبن، هالە لەزانکۆى "جۆرج میسون" لەواشنتۆن دى سى بڕوانامەى بەکالۆریۆس لەئابورى بەدەست دەهێنێت، هەروەها لەساڵى 1995دا پەیمانگاى توێژینەوەى سیاسى لە پاریس تەواو دەکات. 
یەکەم دەرکەوتنى لەتەلەفزیۆن لەتەمەنى بیست و چوار ساڵیدابووە ئەویش پێشکەشکردنى بەرنامەیەک بووە لەکەناڵێکى فەڕەنسى، لەچاوپێکەوتنێکیدا غورانى دەڵێت ،عاشقى مۆسیقایەو پێشتریش لەچوارچێوەى تیپێکى مۆسیقیدا گۆرانى وتووە، زۆربەى کاتیش لەستۆدیۆ پێش پەخشى ڕاستەوخۆى بەرنامەکانى یان پێشکەشکردنى هەواڵەکان گۆرانى دەڵێت. هەروەها باس لەوەشدەکات کە زۆر حەز بەخواردنى عەرەبى دەکات و خۆشترین شارو وڵاتى عەرەبی بەلایەوە بریتین لە میسرو عەمان و بەیروت و حەلەب.

- کارکردنى
سەرەتاى کارەکانی هالە پێش ئەوەى بچێتە سى ئێن ئێن، وەکو ڕۆژنامەنوس کاریکردووە لەرۆژنامەى "لاڤوا دى نۆرد"ى فەرەنسى و "ئاژانسى فرانس پرێس". دواترو لەساڵى 1998چووەتە کەناڵى CNNى ئەمریکى و لەنوسینگەى لەندەن کارى کردووە. 
لەساڵى 2006 ڕوماڵى ڕووداوەکانى شەڕى نێوان حزبوڵاى لوبنان و ئیسرائیلى کردووە کە ئەوکات لە نوسینگەى لوبنانى کەناڵەکە بووە. هەروەها ژمارەیەک ڕاپۆرتى گرنگ و بەبایەخى لەسوریاو لوبنان و سعودیەو عێراق و میسر بۆ کەناڵەکەى ئامادەکردووە.
لەساڵى2002 و  2007یش سەرپەرشتى ڕوماڵى هەڵمەتى هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتى فەرەنساى کردووە. 
هالە ڕۆڵێکى گرنگى هەبووە لە کەناڵى CNN ى ئەمریکى لە ئاشناکردن و گەیاندنى گرفتەکانى وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە کۆمەڵگەى ئەمریکى و لەو چوارچێوەیەشدا دەیان بەرنامەى تایبەت و ڕاپۆرت و ڕوماڵى لەوڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بۆ کەناڵەکەى ئامادەکردووە.
ئەم میدیاکارە بەئەزموونە، بێژەرى هەواڵ و پێشکەکارى چەند بەرنامەیەکە لەکەناڵى (CNN)ى ئەمریکى. لەئێستادا لەنوسینگەى سەرەکى کەناڵەکە لەشارى ئەتلانتا لەویلایەتى جۆرجیا کاردەکات، پێشتریش لەنوسینگەى کەناڵەکە لە لەندەن لەگەڵ "جیم کلانسى"پێشکەشکارى بەرنامەى ) Your World)بووە. هەر لەو ماوەیەدا چەند بەرنامەیەکى ترى گرنگى پێشکەش کردووە لەبوارەکانى سیاسى و ئابورى و وەرزشى و بازرگانى و چاوپێکەوتنى جۆراو. لەبەرامبەر کارو ماندووبوونەکانیشى خەڵاتى "حۆریى ئاڵتونى" پێ بەخشراوە، ئەمە جگە لە پێدانى خەڵاتى ڕێزلێنان لەلایەن چەند دامەزراوەیەکى ترو کەناڵەکەى خۆى کە CNNى ئەمریکییە.
هالە غورانى دەتوانێت بەزمانەکانى ئنگلیزى و فەڕەنسى و عەرەبى قسەبکات و بنوسێت. 

سەرچاوە:
- شەرقولئەوسەت
- ئەلریاز
- پەیجى فەرمى میدیکار هالە غورانى


‌‌‌
10/16/2018 10:26:24 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ