هەواڵ

شۆفێرانی بارهەڵگری مەرزی باشماخ لە بەردەم ماڵی تاڵەبانی گردبوونەوە


بزاڤــ:

شۆفێرانی بارهەڵگری مەرزی باشماخ لە بەردەم ماڵی تاڵەبانی گردبوونەوە و داوای ئازادکردنی شۆفێرە دەستگیرکراوەکان دەکەن.

شۆفێرانی بارهەڵگری مەرزی باشماخ چەند رۆژێکە بەردەوامن لە دەربڕینی ناڕەزایی و بە وتەی خۆیان لەدیوی ئێران مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا دەکرێت و کەلوپەلی نایاسایی دەخرێتە بارەکانیانەوە.

یەکێک لە شۆفێرەکان ڕاگەیاند، تا وەڵامی‌ داواکارییەکانیان نەدرێتەوە رێگە بە جموجۆڵى بازرگانى نادەن.

ئەوەشی ڕاگەیاند، بەهۆی گردبوونەوە و ناڕەزاییەکانی دوو ڕۆژی ڕابردوویان ژمارەیەک کەسیان دەستگیرکراوە و چەند کەسێکیشیان برینداربوون.

وتیشی "یەکەم داواکاری ئێمە گۆڕینی بەرپرسی دەروازەی مەرزەکەیە چونکە ناتوانێت کێشەکانیان چارەسەر بکات".

ئەوەشی خستەڕوو "ژمارەیەک قاچاخچی لە دیوی‌ ئێران مامه‌ڵه‌ی‌ خراپیان له‌گه‌ڵدا دەکەن و خواردن‌ و كه‌لوپه‌لی‌ نایاسایی دەخرێتە بارەکانیانەوە و ئه‌گه‌ر ئاشكراشیان بكه‌ن مه‌ترسی‌ له‌سه‌رژیاینان دروستده‌بێت".

سێ ڕۆژە شۆفێرانی‌ ناڕازی‌ كه‌ ژماره‌یان نزیكه‌ی‌ ١٥٠٠ كه‌سه‌ بەیاننامەیه‌كیان ئاراسته‌ی‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كردووه‌ و داوای ئه‌وه ‌ده‌كه‌ن بەرپرسی‌ مەرزى باشماخ و سەرجەم بەرپرسەکانی‌ دیكه‌ی مەرزەکە دەستلەکاربکێشنەوە.

بەرپرسانی مەرزی‌ نێودەوڵەتی‌ باشماخ جەختدەكەنەوە، نابێت شۆفێرەکان دەستوەربدەنە کاروبارى ئیدارى مەرزەکە و دەشڵێن به‌رده‌وامبوونی‌ داخستنی مەرزەكە لەڕووی ئابوورییەوە كاریگەریی لەسەر داهاتی هەرێم دروستدەکات.

مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ باشماخ دەكەوێتە سنورى پێنجوێنەوە و دووه‌م مەرزی‌ فەرمییە لە سنووری پارێزگای‌ سلێمانی و هاوسنوورە لەگەڵ شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی‌ كوردستان، رۆژانە نزیكەی ٦٠٠ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و تانكەر لە مەرزەکەوە هاتوچۆ دەكەن.


‌‌‌
10/16/2018 12:15:02 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ