هەواڵ

یوسف محەمەد: 12ی ئۆكتۆبەر، ئەڵقەیەكی درەوشاوەی زنجیرەی خەباتی مەدەنییە


بزاڤــ:

سەرۆكی‌ پێشووی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان رایگەیاند كە 12ی ئۆكتۆبەر، ئەڵقەیەكی درەوشاوەی زنجیرەی خەباتی مەدەنییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ستەم و "لە هەر شوێنێك شەڕی زاڵكردنی چاكەی گشتی هەبێ بەسەر بەرژەوەندیی تایبەت، ئێمە لەوێین"، دەشڵێت، لە ئەنجامی ئەو خەباتە مەسعود بارزانی دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی هەرێم بووە.

 یوسف محەمەد سادق سەرۆكی‌ پێشووی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان لە ساڵیادی‌ 12ی‌ ئۆكتۆبەری‌ 2015دا  پەیامێكی‌ بڵاوكردەوە و لە بەشێكیدا رایگەیاندووە:  "12ی ئۆكتۆبەر، ئەڵقەیەكی درەوشاوەی زنجیرەی خەباتی مەدەنییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ستەم و نادادی و، هەوڵدان بۆ سەروەركردنی یاسا بەسەر هەموان و چەسپاندنی سیستم لە كوردستان".

د. یوسف دەڵێت: "12ی ئۆكتۆبەری 2015 سەرەتای قۆناخێكی نوێ بوو بۆ ئێمە لە شەڕی ئیرادە بۆ بەرپەرچدانەوەی كودەتا و مانەوە لە دەسەڵات لە دەرەوەی یاسا".

ئەوەشی‌ خستووەتەڕوو كە "لەم پێناوەدا، لەو رۆژەوە لەگەڵ هاوڕێ و هاوكارانمان دەستمان كرد بە خەباتكی بێ وچان بە كەرەستەی ئێجگار كەم، بەڵام بە ئیرادەیەكی بەهێز چ لە ناوەوە و چ لەدەرەوە لە ڕێی خەباتی دیبلۆماسیی پەرلەمانی. دەرەنجامی ئەمەش، وازهێنانی بارزانی و تەنانەت هەڵپەساردنی سەرۆكایەتیی هەرێم بوو".

سەرۆكی‌ پێشووی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان جەختی‌ لەوەشكردووەتەوە كە "وەك هەمیشە لە هەر شوێنێك شەڕی زاڵكردنی چاكەی گشتی هەبێ بەسەر بەرژەوەندیی تایبەت، ئێمە لەوێین".

 رۆژی‌ 12ی‌ ئۆكتۆبەری‌ ساڵی‌ 2015  لە بازگەی‌ پردێ‌ لەلایەن پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانەوە رێگا نەدرا بە د. یوسف محەمەد سادق سەرۆكی‌ ئەوكاتی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان و ژمارەیەك پەرلەمانتار بچێتەناو هەولێر و بەوهۆیەوە بۆ ماوەیەكەی‌ زۆر پەرلەمانی‌ كوردستان لەكار كەوت.


‌‌‌
10/12/2018 2:03:55 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ