بەناوی ئاسایشەوە باندێک چوونەتە سەر ماڵان و ١٥ هەزار دۆلاریان دزیوە
براڤـــ:
عەمید ئاسۆ تەها بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشکرایکرد، باندێکیان دەستگیرکردووە کە بەناوی ئاسایشەوە چوونەتە سەر ماڵان و بڕی ١٥ هەزار دۆلاریان دزیوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە (١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨)، بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا روونیکردەوە، باندەکە لە چوار کەس پێکهاتوون و سەرجەمیان دەستگیرکراون، کە بە بیانوی گەڕان بەدوای مادەی هۆشبەردا ماڵان گەڕاون بەڵام "دز و قۆڵبڕ" بوون.
هەر لە کۆنگرەکەدا پۆلیسی سلێمانی دەستگیکردنی باندێکی تری ئاشکراکرد کە لە ناوەڕاست و خواروی عێراقەوە هاتوون و چوونەتە سەر چەند ماڵێك و پارەیان بردووە.
بە وتەی پۆلیس، شەوی رابردوو رووداوێکی کوشتن لە سیتەک روویداوە و هێزەکانیان دەستبەجێ بکوژەکەیان دەستگیرکردووە.
ئامارێکی بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی باسلەوەدەکات کە لە ١٠ رۆژی سەرەتای ئەم مانگەدا دەستیان بەسەر ٣٩ پارچە چەکدا گرتووە و ئەوانەی هەڵیانگرتووە رێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر.
پۆلیس باسی لەوەشکرد خەڵک لەسەر تەقەی هەڕەمەکی دەستگیرکراوە و چەکەکانیان گیراون.
|