هەواڵ

گەنجێکی تەمەن ٢٠ ساڵ لەلایەن ئاسایشەوە فڕێندرا


بزاڤــ:

بەھۆی وتنی قسەی نەشیاو بەخولی وەرزشیی بارزانی، گەنجێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بەناوی ھاوبیر خدر قادر لەلایەن ئاسایشی قەزای چۆمانەوە فڕێنرا و ھێشتا ئازادنەکراوە.

 کەسوکاری ئەو گەنجە رایانگەیاند؛  کاتژمێر حەوتی ئێوارەی رۆژی شەممەی رابردوو (٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨) ھێزێکی ئاسایشی قەزای چۆمان چووەتە سەر ماڵی باوکی ھاوبیر خدرو "بەبێ ھیچ بڕیارێکی دادوەر  کوڕەکەمانیان فڕاند".

لەدرێژەی لێدوانەکەیاندا، کەسوکاری ئەو گەنجە ئەوەشیان خستەڕوو کە دوای چەندین ھەوڵدان بۆ ئازادکردنی، "تائێستاش پێیان نەوتووین کوڕەکەمان لەکوێیە و رێگەنادەن بیبینین".

بەپێی ئەو ئەو  گەنجە تەنھا لەسەر ئەوە گیراوە کە لەکاتی "توڕەبوون" و وەرگرتنی کارتی سور لەلایەن یەکێک لەناوبژیوانانی خولی وەرزشیی بارزانی؛ قسەی نەشیاوی بە خولەکە وتووە.

بەوتەی کەسوکارەکەی، لەدوای فڕاندنی ھاوبیر خدر و بەمەبەستی ئازادکردنی چوونەتە لای حەسەن عەدۆ بەرپرسی لقی چۆمانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام ناوبراو پێوتوون؛ "لەسەر قسەکانی دەبوایە کوژرابایە" نەک ئازاد بکرێت.

ھاوبیر خدر قادر، تەمەنی ٢٠ ساڵە و فێرخوازی بەشی زمانی ئەڵمانییە لە زانکۆی سەلاحەدین لە شاری ھەولێر و وەک یاریزانێک بەشداریی خولی وەرزشیی بارزانی کردووە.

فڕاندن و دەستگیرکردن و کوشتن لەدەرەوەی بڕیاری دادگاو گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی دیارترین پێشلکاریی مافەکانی مرۆڤ بوون لە ئەزموونی فەرمانڕەوایی ٢٧ساڵی رابردووی کورد لەھەرێمی کوردستاندا.


‌‌‌
10/8/2018 12:45:57 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ