هەواڵ

یەکگرتوو ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی رەتکردەوە


بزاڤـــ:

یەکگرتووی ئیسلامی ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی رەتکردەوە و رایگەیاند، زیادكردنی رێژه‌ی ده‌نگی لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات به‌ شێوه‌یه‌كی نایاسایی دوورە له‌ پێوه‌ره‌كانی دیموكراتی و مافه‌كانی مرۆڤ.

ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتوو لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، بەمەبەستی تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ شەممە (٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨) بە سەرپەرشتی سەڵاحەدین بەهائەدین ئەمینداری گشتیی حزبەکەیان کۆبوونەیەکی نائاساییان ئەنجامداوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، "كۆبوونه‌وه‌کە هه‌ڵوه‌سته‌ی كردووە له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌ راگه‌یه‌نراوه‌كان و نیگه‌رانی خۆی ده‌ربڕیوە به‌رانبه‌ر ئه‌و پێشێلكاری و ساخته‌كارییانه‌ی كه‌ لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات ئه‌نجامیانداوه‌ و بووه‌ته‌ هۆی ناشرینكردنی پرۆسه‌كه‌ و زیادكردنی رێژه‌ی ده‌نگی لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات به‌ شێوه‌یه‌كی نایاسایی و دوور له‌ پێوه‌ره‌كانی دیموكراتی و مافه‌كانی مرۆڤ."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بڕیاریانداوە به‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی ده‌رئه‌نجامه‌ سه‌ره‌تاییه‌ راگه‌یەندراوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، به‌هۆی ئه‌و هه‌موو پێشێلكاری و ساخته‌كارییانه‌ی كه‌ رووبه‌ڕووی پرۆسه‌كه‌ بووه‌ته‌وه‌.

ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامیی راشیگەیاندووە، هەموو هه‌وڵه‌كانی دەخاتەگەڕ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ده‌رهاویشته‌كانی ئه‌م پاشه‌كشه‌یه‌ و ئه‌نجامدانی گۆڕانكاری پێویست له‌ تێكڕای ئۆرگانه‌ حیزبییه‌كان و دانانی پلانی پێویست بۆ به‌خۆداچوونه‌وه‌ و خۆ نوێكردنه‌وه‌ و تێپه‌ڕاندنی ئه‌م قۆناغه.

رۆژی ٣٠ی ئەیلولی رابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو و ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەش (٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨) کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان ٨٥%ی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکەی بڵاوکردەوە.


‌‌‌
10/7/2018 12:01:45 AM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ