هەواڵ

یەکێتی نیشتیمانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە


بزاڤــ:

کاتژمێر (11)ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسول عەلی جێگری سكرتێری گشتی، كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شاری سلێمانی بەرێوەچوو.


كۆبونەوەكە، كە هاوكات بوو لەگەڵ ساڵیادی ماڵئاوایی رابەرو سكرتێری گشتی سەرۆك مام جەلال، بە دەقیقەیەك وەستان بۆ رۆحی پاكی سەرۆك مام جەلال‌و شەهیدان دەستی پێكرد، دۆخی سیاسی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی‌و ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بەتایبەتی تاوتوێكراو هەڵسەنگێندرا.

ئەنجومەنی سەركردایەتی جەختیكردەوە، لە پێویستی تەواوكردنی رێكارە یاسایی‌و هونەرییەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردن لەلایەن كۆمیسیۆنەوە بەشێوەیەكی بێلایەنانەو لەسەر بنەما یاسایی‌و دیموكراسیەكان‌و هەموو جۆرە ساختەكارییەك بە كارێكی نایاسایی‌و دژ بە بنەماكانی دیموكراسی‌و مافی مرۆڤ دەزانین، لەهەمان كاتدا هەموو جۆرە چەواشەكارییەك بۆ شێواندنی ڕاستیەكان ‌و پەلاماردانێك بۆ سەر یەكێتی بەتوندی ڕەتدەكەینەوە.

دووپاتیشی دەكەینەوە، كە یەكێتی لە رێگای كەناڵە یاسایی‌و ڕەسمیەكانەوە، هەوڵی تەواوی خۆی بۆ پاراستنی متمانە‌و دەنگی دەنگدەران دەخاتەگەڕ، لە كاتی راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكانیش هەڵوێستی كۆتایی خۆی رادەگەیەنێ‌. 

كۆبونەوە، لە ڕوانگەی پەرۆشی یەكێتی بۆ پاراستنی یەكریزی‌و ئارامی‌و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان، جەختیكردەوە، لە پەنابردن بۆ ڕێگای گفتوگۆی بەرپرسیانەی لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بەئامانجی ڕەخساندنی زەمینەیەكی ئارام بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. 

لەبەشێكی تری كۆبونەوەكەدا، ئەنجومەنی سەركردایەتی پیرۆزبایی لە د.بەرهەم ئەحمەد ساڵەح كرد، بەبۆنەی هەڵبژاردنی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بەسەرۆك كۆمار و پشتیوانی سەركردایەتی یەكێتی-یشی بۆ سەركەوتنی لە ئەركەكانیاندا دووپاتكردەوە.

هەروەها ئەنجومەنی سەركردایەتی پیرۆزبایی لە كچە كوردی ئێزدی خاتوو نادیە موراد كرد، بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بۆ ساڵی 2018. 

سەبارەت بە دۆخی عێراق، پێكهێنانی كابینەی حكومەت، یەكێتی سوورە لەسەر مافە دەستورییەكانی گەلی كوردستان‌و ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك‌و خانەقین‌و ناوچە كوردستانیە جێناكۆكەكان‌و پێكهێنانی حكومەتێك، كە ڕەنگدانەوەی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بێت‌و هەنگاوی كردەیی بنێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. 

لەسەر ئاستی عێراق‌و كوردستانیش، ئەنجومەنی سەركردایەتی، پرسی شەراكەتی ڕاستەقینە لە حوكمڕانی‌و بەرپرسیارێتی هاوبەش بەگرنگ دەزانێ‌، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان‌و ئارامی لەپرۆسەی سیاسی.

لە كۆبونەوەكەدا، جۆش‌و خرۆشی جەماوەری دڵسۆزی یەكێتی، كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان‌و ئەنفالكراوەكان‌و ئەندامان‌و دۆستان‌و تێكۆشەران‌و پێشمەرگە‌و ئاسایش‌و هێزەكانی ناوخۆ‌و كەمئەندامانی سەنگەرو زیندانیانی سیاسی‌و ڕێكخراو و كۆمەڵە‌و ئۆرگانەكان‌و ژنان‌و گەنجان‌و سەرجەم چین‌و توێژەكانی كوردەواری، لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن‌و ڕۆژی دەنگدان بە بەرزی نرخاندو سوپاسی ‌و پێزانینی ئاراستەكردن، كە بەشێوەیەكی ئارام‌و شارستانیانە پشتیوانیان لە لیستی (105)ی یەكێتی كرد. 

بۆ قۆناغی نوێی خەباتی سیاسی‌و پەرلەمانی لەسەر ئاستی عێراق‌و كوردستان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەخوێندنەوەو هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنانەی دۆخەكە‌و پێویستیەكانی قۆناغەكە، خۆی سازدەدات‌و درێغی ناكات لە سەلماندنی مافەكانی گەلی كوردستان‌و پاراستنی یەكریزی نیشتمانی‌و باشتركردنی گوزەرانی هاوڵاتیان‌و بەدیهێنانی ئامانج‌و بنەما لە مێژینەییەكانی یەكێتی.


ئەنجومەنی سەركردایەتی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
6/10/2018


‌‌‌
10/6/2018 4:12:40 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ