هەواڵ

پەروەردەی سلێمانی پێنج داواکاری ئاڕاستەی حکومەت کرد


بزاڤـ:

لە مەراسیمی لێدانی زەنگی وەزری نوێی خوێندن لە سلێمانی، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە پێنج داواکاری ئاڕاستەی حکومەت کرد.

دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لەو مەراسیمەدا وتی، داوا لە حکومەت دەکەن پەلە بکات لە تەواوکردنی قوتابخانە تەواونەکراوەکان و دابینکردنی پارە بۆ نوژەنکردنەوەی و دابینکردنی پێداویستی خوێندن، چونکە بە وتەی خۆی تائێستا بەشێکی زۆری خەرجییەکان بۆ ئەو مەبەستە لەلایەن سەرمایەدارانەوە دابین دەکرێت.

هەروەها داوایکرد، حکومەت پاشەکەوتی موچە هەڵبگرێت و موچە پاشەکەوتکراوەکانیان بخاتە سەر ژمارەیەکی بانکی، بۆ ئەوەی وەرزی خوێندنی ئەمساڵ وەکو ساڵانی ڕابردوو نەبێت و بە گڕوتینێکی نوێوە بەڕێوەبچێت.

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی داواشی لە حکومەت کرد مامۆستا و فەرمانبەرانی گرێبەست بکات بە هەمیشەیی، کە لە سنووری پارێزگای سلێمانی ژمارەیان ١٦٤٢ گرێبەستە.

کۆتا داوای دڵشاد عومەر لە حکومەت بریتیبوو لە دامەزراندنی مامۆستا بە گوێرەی پسپۆڕی، بۆئەوەی مامۆستایانی شوێنە جیاوازەکانی تر بۆ ناوچەکانی خۆیان بگەڕێنەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە (٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨) بە بەشداريی ملیۆنێک و ٧٥٠ هەزار فێرخواز ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستاندا دەستیپێکرد.




‌‌‌
10/2/2018 10:09:42 AM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ