هەواڵ

سه‌رۆكی لیستی به‌ره‌ی توركمانی: ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌


بزاڤـ:

سه‌رۆكی لیستی به‌ره‌ی توركمانی رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌باره‌ی ده‌نگدانی لایه‌نێكی ده‌سه‌ڵات به‌ لایه‌نێكی توركمان راست بن ئه‌وا ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.

ئایدن مه‌عرووف سه‌رۆكی لیستی به‌ره‌ی توركمانی، به‌ ئاژانسی ئانادۆڵی وتووه‌: "تاكو ئێستا پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ گشتییه‌كه‌ی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مان‌ باشی به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ئێمه‌ وه‌كو به‌ره‌ی توركمانی به‌شدارین و تا ئێستا پڕۆسه‌كه‌ ئاساییه‌، به‌ڵام ئێمه‌ مه‌ترسیمان له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت هه‌بوو كه‌ رۆژی 28ی ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌چوو، وه‌ك له‌ میدیاكان باسكراوه‌ گوایا لایه‌نێكی ده‌سه‌ڵات ده‌نگیان به‌ لایه‌نێكی توركمان داو و بێگومان ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری خراپ دروست ده‌كات ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ راست بێت، ئه‌وا ئه‌وكات ئێمه‌ ئه‌نجامی پڕۆسه‌كه‌ ره‌تده‌كه‌یه‌نه‌وه‌".

ئایدن مه‌عرووف داوایشی له‌ هاووڵاتییان كرد كه‌ بڕۆنه‌ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان بۆ ئه‌وه‌ی نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی خۆیان هه‌ڵبژێرن و وتیشی: "وه‌كو توركمانه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌كتیڤ به‌شدارین له‌ پڕۆسه‌كه‌ و ئامانجمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌نگی پێویست به‌ده‌ستبهێنین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی توركمانه‌كان بین".

له‌ خولی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ره‌ی توركمانی خاوه‌نی یه‌ك كورسی په‌رله‌مانی بووه‌ و له‌ ئێستاشدا 5 كاندیدی هه‌یه‌ بۆ په‌رله‌مانی كوردستان.

رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 30ی ئه‌یلول، پڕۆسه‌ی ده‌نگدانی گشتی بۆ خولی پێنجه‌می ھه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت كه‌ تیایدا 772 كاندید له‌ 29 قه‌واره‌ی سیاسییدا كێبڕكێ له‌سه‌ر 111 كورسی په‌رله‌مانیی ده‌كه‌ن.


‌‌‌
9/30/2018 6:06:52 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ