هەواڵ

بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان


بزاڤــ:

کاتژمێر هەشتی ئەمڕۆ بنکەکانی دەنگدان بە ڕووی هاوڵاتیاندا کرانەوە و دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد.

پرۆسەی دەنگدانی گشتی کاتژمێر شەشی ئێوارە کۆتایی دێت و پێشبینی دەکرێت ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵکی بەشداری تێدا بکەن.


کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم روونیدەکاتەوە کە هاوڵاتیان لەکاتی دەنگداندا دەبێت یەکێک لە بەڵگەنامەکانی (کارتى نیشتمانى) یان (پاسپۆرت) یان (جنسییە و تەسکەرە پێکەوە) پێبێت.


دووپاتیشیدەکاتەوە، چوونەژوورەوەى خەڵکانی ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان قەدەغەیە و بە پێچەوانەوە دەنگی ئەو بنکەیە بە پوچەڵدەکرێت.


لە ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا، سێ ملیۆن و ٨٥ ھەزار و ٤٦١ کەس مافی دەنگدانیان ھەیە، کە ١٧٠ ھەزار و ٤٦٩ کەس مافی دەنگدانیان ھەبوو لە دەنگدانی تایبەتدا و نزیکەی دوو ملیۆن و ٩١٥ ھەزار کەسیش مافی دەنگدانیان ھەیە لە دەنگدانی گشتییدا.




زۆرترین ژمارەی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان ھەیە دەکەونە سنوری پارێزگای سلێمانی یەوە، کە ژمارەیان ملیۆنێک و ١٩٦ ھەزار و ٩٨٠ کەسە و بەسەر ٢٣٧٨ وێستگەدا دابەشکراون، لە پارێزگای ھەولێریش ملیۆنێک و ١٠٩ ھەزار و ٧٢ کەس مافی دەنگدانیان ھەیە کە بەسەر دوو ھەزار و ٣٠٤ وێستگەدا دابەشکراون.

ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای دھۆک ٧١١ ھەزار و ٢١٨ کەسە کە بەسەر ١٤٥٣ وێستگەدا دابەشکراون، لە پارێزگای ھەڵەبجەش ٦٨ ھەزار و ١٩١ کەس مافی دەنگدانیان ھەیە کە ١٤٢ وێستگەیان بۆ تەرخانکراوە.

بەپێی ئامارەکان، لە کۆی ژمارەی دەنگدەران لەم ھەڵبژاردنەدا ٣٧١ ھەزار و ٥٦٠ کەس بۆ یەکەمجار مافی دەنگدانیان ھەیە.

لە ھەڵبژاردنەکەدا ٣٨ لیست و ھاوپەیمانی بە ٧٧٣ پاڵێوراوەوە کە ٥٣٢یان پیاون و ٢٤١یان ژنن، کێبڕکێ لەسەر ١١١ کورسی پەرلەمان دەکەن.






‌‌‌
9/30/2018 10:08:20 AM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ