هەواڵ

چوارلایەنە ناڕازیەکە ئەنجامی هەڵبژاردن ڕەت دەکەنەوە


بزاڤ :


دوای کۆبوونەوەکەیان، هەر چوار لایەنی گۆڕان و کۆمەڵ و هاوپەیمانی و یەکگرتوو ڕاگەیەندراوێکیان سەبارەت بە ئەنجامی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، ئەو ئەنجامە ڕەتدەکەنەوە و پێداگر دەبن لەسەر هەڵوێستەکانی پێشوویان.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ئەوەی ڕوون و ئاشکرا بوو ئەم هەژمارکردنەوەیە بۆ پەردەپۆشکردن و تێپەڕاندنی ئەو ساختەکارییە گەورەیە بوو کە ئەنجامدرا، لێرەوە جارێکیتر ڕایدەگەیەنین کە ئەو دەرەنجامە ڕەتدەکەینەوە و پێداگری لەسەر هەڵویستەکانی پێشوومان دەکەینەوە و ڕێکاری سیاسی و یاسایی پێویست دەگرینەبەر لە پێناو گێڕانەوەی متمانە بۆ پڕۆسەی سیاسی و پاراستنی دەنگی دەنگدەرانمان".

چوار لایەنەکە جەختیشیان لە پێویستی گفتوگۆی نیشتمانی بەرپرسیارانە لە کوردستان کردووەتەوە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی ڕیشەیی بۆ قەیران و کێشەکانی هەرێمی کوردستان و دەربازبوون لەم دۆخە نالەبارەی ئێستا.

هەروەک داواشیان کردووە، "کاری جدی بکرێت لە پێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە هەرێمی کوردستان کە دڵنیایی بداتە هاوڵاتیان و لایەنە سیاسییەکان و ئەوەش بە پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران و چاکسازی لە ڕێکار و یاساکانی کۆمسیۆن دەکرێت".

ئەمڕۆ كۆبوونەوەی لوتكە لە نێوان گۆڕان و کۆمەڵ و هاوپەیمانی و یەکگرتوو لە مەكۆی سەرەكی گۆڕان لە سلێمانی سەبارەت بە ڕاگەیاندنى ئەنجامى ژماردنەوە و جیاکردنەوەى دەستى دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو.

كۆبونەوەكە لە نێوان ڕێكخەری گشتی گۆڕان و ئەمینداری گشتی یەكگرتوی ئیسلامی و ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی و سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی ئەنجامدرا.

ئەوەش دوای ئەوە دێت کە شەوی پێنج شەممەی ڕابردوو، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق ئەنجامی ژماردنی دەستیی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی ڕاگەیاند و بەپێی ئەنجامەکە هیچ گۆڕانکارییەک لە کەرکوک و پارێزگاکانی هەرێم ڕووینەداوە.


‌‌‌
8/11/2018 4:59:34 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ