هەواڵ

پۆلیسی ڕاپەڕین: لە ناوچەی پشدەر ژنێک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا


بزاڤ :

پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، لە گوندێکی سەربە قەزای پشدەر ژنێک بە هۆکارێکی نادیار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، کاتژمیر ٩ و ٣٠ خولەکی شەوی ڕابردوو له‌ گوندی زه‌نگڵانی سه‌ربه‌ ناحیه‌ی سه‌نگه‌سه‌ر- قه‌زای پشده‌ر ژنێك به‌ ناوی (ئـ، قـ، ح) ته‌مه‌ن ٥٦ ساڵ لە ماڵه‌كه‌ی خۆیاندا به‌ په‌ت خۆی هه‌ڵواسیوه‌ و بەو شێوەیە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ته‌رمی ئەو ژنە ڕەوانەی نه‌خۆشخانه‌ی گشتی ڕانیه‌ کراوە و دواتر ڕاده‌ستی كه‌سوكارەکەی کراوەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕاشیگەیاندووە، تا ئێستا هۆکار و پاڵنەری ئەو ڕووداوە نەزانراوە و په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ ڕووداوه‌كه‌ كراوه‌ته‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ش به‌رده‌وامه‌.

ئەوەش لەکاتێکدایە هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى سلێمانى ڕایگەیاند لە گوندى مڕانەى سەربە ناحیەى باسنێ گەنجێکى تەمەن ١٧ ساڵ لە ماڵەکەى خۆیدا کۆتایى بە ژیانى خۆی هێناوە.

دوێنێش پێشمەرگەیەکی دانیشتووى گەڕەکى دیلمانى قەزاى سۆران بە گولـلە خۆی کوشت و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

جێی ئاماژەیە لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتن لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوویان لە زیادبوون کردووە.


‌‌‌
8/11/2018 4:55:46 PM
Print Friendly and PDF