هەواڵ

ئەردۆغان: ئەگەر سزاکانى ئەمریکا بەردەوام بن بە دواى هاوپەیمانى نوێدا دەگەڕێین


بزاڤ :

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکى تورکیا لە وتارێکدا لە رۆژنامەى نیویۆرک تایمزى ئەمریکى ڕایگەیاند ئەگەر تاکلایەنە سزاکانى ئەمریکا بەردەوام بێت لەسەریان بەدواى هاوپەیمانى نوێدا دەگەڕێن.

سەرۆکى تورکیا ڕایگەیاند "بەدرێژایى ٦٠ ساڵى ڕابردوو تورکیا و ئەمریکا دوو هاوبەشى ستراتیژى بوون و هاوپەیمان بوون لە ناتۆدا، هەردوو وڵات شانبەشانى یەک دژى مەترسیە هاوبەشەکان وەستاونەتەوە لە سەردەمى شەڕى سارد و دواى ئەویش".

ئەردۆغان ئاماژەى بەوەکردوە، "بە درێژایى ٦٠ ساڵى ڕابردوو تورکیا لە کاتى پێویستیدا پەناى بۆ ئەمریکا بردوە، سەربازەکانیان لە شەڕى کۆریادا خوێنیان ڕشتووە، لە لوتکەى قەیرانى موشەکە کوبیەکاندا تورکیا ئاسانکارى بۆ ئەمریکا کرد کاتێک ڕێگایدا ئەو وڵاتە موشەکى جۆبتیر لە سەر خاکەکەى بڵاو بکاتەوە، لەپاش هێرشەکانى ١١ى سێپتێمبەر تورکیا سەربازەکانى لە چوارچێوەى ئەرکى ناتۆدا نارد بۆ ئەفغانستان".

سەرۆکى تورکیا ئەوەشى خستوەتەڕوو، "چەندینجار ئەمریکا شکستى هێنا لەوەى لە گەلى تورکیا تێبگات و ڕێزى بگرێت، ئەمریکا دەیزانى نەتەوەکەیان رووبەڕووى مەترسى بوەتەوە بەڵام ڕێزى سەروەرى تورکیاى نەگرت".

ئەردۆغان، باسی لە فەتحوڵا گولەن کرد کە ئێستا لە ئەمریکایە و تورکیا بە بەرپرسى کودەتاکەی تەمموزى ٢٠١٦ى دادەنێت، و وتی "تورکیا لە ١٥ى تەمووزى ٢٠١٦ ڕووبەڕووى هێرش بویەوە لە لایەن گروپێکەوە بە سەرکردایەتى فەتحوڵا گولەن کە ڕێکخراوەکەى  حکومەتەکەى من بە فەرمى بە رێکخراوێکى تیرۆریستى ناساندویەتى بەڵام لە پەنسلڤانیا دەژى، ئەوانە هەوڵیاندا کودەتایەکی خوێناوى دژ بە حکومەتەکەى من ئەنجامبدەن، لەو شەوەدا لە ڕوانگەى هەستى نیشتمانیانەوە هەزاران هاوڵاتى سادە ڕژانە سەرشەقامەکان و وەک ئەوەى گەلى ئەمریکا دواى پیرڵ هاربۆر و هێرشەکانى ١١ى سێپتێمبەر بەخۆیەوە بینى".

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەى بەوەشکردوە، " گەلى تورکیا پێشبینى دەکرد ئەمریکا ئەو هێرشانە ئیدانە بکات، و پشتیوانى خۆى بۆ سەرکردایەتى هەڵبژێردراوى تورکیا دەرببڕێت بەڵام نەیکرد، کاردانەوەى ئەمریکا وەک پێویست نەبوو، هیچ پێشکەوتنێک لەو ڕێکەوتنە دوو قۆڵیەدا ڕووینەداوە سەبارەت بە داواکارى تورکیا بۆ ڕادەستکردنەوەى فەتحوڵا گولەن".

سەرۆکى تورکیا باسیلەوەشکردوە،" بە پێى مەزەندەى دەسەڵاتدارانى تورکیا ئەمریکا ٥ هەزار بارهەڵگر و٢ هەزار فرۆکەى بۆ گواستنەوەى  چەک بۆ یەپەگە و پەیەدە لە سوریا بەکارهێناوە، ئەردۆغان دەڵێت "چەندینجار حکومەتەکەى من ترسى خۆى بە بەرپرسانى ئەمریکا پیشانداوە لە مەشقکردنیان بە هاوپەیمانەکانى پەکەکە لە سوریا بەڵام بە داخەوە قسەکانمان چوونە گوێچکەیەکى کەڕەوە و چەکى ئەمریکى  لە بەئامانجگرتنى هاوڵاتیانى مەدەنى و هێزە ئەمنیەکانى تورکیادا لە سوریا و عێراق و تورکیا بەکارهات".

هەفتەى ڕابردوو ئەمریکا سزاى بەسەر هەردوو وەزیرى ناوخۆ و دادى تورکیادا سەپاند، دوێنیش دۆناڵد ترەمپ لە تویتێکدا ڕایگەیاند "لیرەى تورکى بە خێرایى لە بەردەم دۆلارى بەهێزى ئێمەدا دادەبەزێت".

سەرۆکى ئەمریکا زیادکردنى گومرگى بۆ دوو هێندە بۆ سەر ئەلەمنیۆم و پۆڵاى تورکیا ڕاگەیاند.


‌‌‌
8/11/2018 2:34:08 PM
Print Friendly and PDF