هەواڵ

قوباد تاڵه‌بانی به‌ڵێنێك به‌ پۆلیسی سلێمانی ده‌دات


بزاڤ :


قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڵێنی به‌ پۆلیسی سلێمانی داوه‌ ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ی خۆیان داوه‌ته‌ پاڵ هه‌ندێك حزب یان عه‌شیره‌ت، ده‌ستگیربكرێن.

ئه‌مڕۆ نه‌قیب سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د وته‌بێژی پۆلیسی سلێمانی له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ پۆلیسی سلێمانی و دۆسیه‌ی ده‌ستگیرنه‌كردنی تۆمه‌تباران، وتی "بابه‌ته‌كه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ ناتوانین تۆمه‌تباران ده‌ستگیربكه‌ین، به‌ڵكو هه‌ندێك تۆمه‌تبار هه‌ن خۆیان داوه‌ته‌ پاڵ هه‌ندێك حزب یان عه‌شیره‌ت، ئه‌گه‌ر پۆلیس بچێت بۆ ده‌ستگیركردنیان، ره‌نگه‌ كاره‌ساتی دیكه‌ی لێبكه‌وێته‌وه‌، بۆیه‌ قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌ڵێنی داوه‌ پێمان هاوكارمان بن بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و فه‌رمانی ده‌ستگیركردنانه‌".

بۆ دۆسیه‌ی ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ش، ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، دۆسیه‌كان ته‌قه‌كردن و كوشتنن، سیاسی نین.

هه‌ر له‌ پرێس كۆنفرانسه‌كه‌دا، نه‌قیب سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د وتی "له‌ماوه‌ی 10 رۆژی رابردودا، هێزه‌كانی پۆلیسی سلێمانی، 33 تۆمه‌تبار به‌ تۆمه‌تی جۆراوجۆر ده‌ستگیركراون، كه‌ شه‌ش كه‌سیان به‌ تۆمه‌تی ساخته‌كردنی به‌ڵگه‌نامه‌كانی دادنوس و مامه‌ڵه‌ی ساخته‌ی كڕین و فرۆشتنی زه‌وی ده‌ستبه‌سه‌ركراون. هه‌روه‌ها تۆمه‌تباره‌كانی دیكه‌ش به‌هۆی دزیكردن له‌ باخی نیشته‌جێبون و دزینی قاسه‌ و ماتۆڕسكیل و سه‌ره‌ مه‌نهۆڵ و ستونی روناكی و گڵۆپ ده‌ستگیركراون، سه‌ره‌ڕای ده‌ستگیركردنی ئه‌ندامانی سێ باندی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی هاووڵاتیان و ساخته‌كردنی دراو و باندێكی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان، كه‌ ئافره‌تێكی تێدایه‌".

هه‌روه‌ها له‌ هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگیركردنی سواڵكه‌ره‌كانیشدا، تائێستا 19 ئافره‌ت ده‌ستگیركراون.

‌‌‌
8/9/2018 1:45:12 PM
Print Friendly and PDF