هەواڵ

سیروان بارزانی: پێشمەرگە بەمەرج دەگەڕێتەوە بۆ کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان


بزاڤ:

به‌رپرسی میحوه‌ری گوێڕ و مه‌خموری‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ڕایگەیاند، پێشمەرگە بە مەرج دەگەڕێتەوە بۆ کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا سیروان بارزانی ڕایگەیاندووە، تا ئێستا بە فەرمی لەلایەن حکومەتی عێراق و هاوپەیمانانەوە داوایان لێنەکراوە بگەڕێنەوە ناوچە جێناکۆکەکان، تەنها یەک دوو جار لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ هاوپەیمانان باس لەو پرسە کراوە.

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئایا ئاماده‌ن وه‌ك هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، سیروان بارزانی ڕایگەیاندووە، "ئه‌گه‌ر به‌هه‌ماهه‌نگی بێت له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان و هێزه‌ عیراقییه‌كان به‌ڵێ ئاماده‌ین بچینه‌وه‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان به‌ڵام مه‌رجی خۆمانمان هه‌یه‌."

ڕوونیشیکردووەتەوە، "مه‌رجه‌كانی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر به‌هاوبه‌شی بێت وه‌ك پێش شه‌ڕی داعش ئه‌وا با به‌ هاوبه‌شی بێت، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ر بۆ ئێمه‌ی به‌جێبهێڵن وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ ده‌چنه‌وه‌ باشور و ناوه‌ڕاستی عیراق به‌هۆی خۆپیشاندانه‌كان، ئەوەش ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ش به‌مه‌رج ده‌بێت ، نه‌ک دواتر بێنه‌وه‌ بڵێن هێزمان به‌شی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ئێوه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌، ئێمه‌ به‌ ئه‌مری ئه‌وان كارناكه‌ین و كه‌چوینەوە جارێکی تر ناكشێینه‌وه‌".

دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو و گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپای عێراق و هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی بۆ کەرکوک، پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌كانی كه‌ به‌پێی ده‌ستوری عێراق به‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ناسراوه‌ كشایه‌وه‌، هاوكات له‌دوای سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندانی شاره‌كانی باشوری عێراق و به‌غدا، ده‌نگۆی كشانه‌وه‌ی هێزه‌ عێراقییه‌كان له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ باشوری عێراق بڵاوبوویه‌وه‌، هه‌روه‌ها پێشتر چه‌ند میدیایه‌كی لۆكاڵیش ده‌نگۆی ئه‌وه‌یان بڵاوكرده‌وه‌ کە داوا له‌ هێزی پێشمه‌رگەی کوردستان‌ كراوه‌ بگه‌ڕێتەوە بۆ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان.


‌‌‌
8/8/2018 1:39:54 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ