هەواڵ

پۆلیسی سلێمانی: لەدوو رووداوی تەقەكردندا دوو هاوڵاتی برینداربوون


بزاڤ :

پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، لەدوو رووداوی تەقەكردندا لەهەردوو گەڕەكی خەبات و ئازادی شاری سلێمانی دوو هاوڵاتی بریندار بوون.

پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژە بە ئەوە کرد، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی و تیمەكانی بەڵگەی تاوان، بریندارەكان گەیەندرانە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی.

باسی لەوەش کردووە، لەئێستادا سەرجەم مەفرەزەكانی هێزەكانی پۆلیسی سلێمانی بەردەوام لە گەڕان و بەدواداچوونن بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبارانی تەقەكەر و پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ رووداوەكە كراوەتەوە و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە.

هاوکات لە چەند رۆژی ڕابردوودا لە شوقەکانی هانی سیتی لە شاری هەولێر ئەفسەرێکی وەزارەتی پێشمەرگە بە هۆی ڕووداوی تەقەکردنەوە بە دەستڕێژی گولە کوژرا.

ڕووداوەکانی تەقەکردن و کوشتن، لە ماوەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی گشتی  لە شار و شارۆچکەکانی هەرێم ڕوویان لە زیادبوون کردبووە بۆ ئەو مەبەستەش وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لیژنەیەکی ئەمنی لەسەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستاندا دروست کرد بۆ كۆنترۆڵکردنی دیارده‌ی چه‌كداری‌ و به‌دواداچوون بۆ ئه‌و گومانلێكراو و تۆمه‌تبارانه‌ی كه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردنیان هه‌یه‌ له‌دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان بەڵام ناو بە ناو ڕووداوی تەقەکردن هەر بەردەوامە.


‌‌‌
7/31/2018 9:37:00 AM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ