راپۆرت

"ئێران ئامادەی شەڕە" شەڕی ڕاگەیاندنی ئەمریکا وئێران



لەپاش بڵاو بونەوەی ھەواڵی دروستکردنی کەمپینی ھێرشی ڕاگەیاندنی ئەمریکا بۆ سەر حکومەتی ئێران، جەنگی ڕاگەیاندنی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەھەڕەشەی سەرۆکەکانیان دەستی پێکرد.
لەکاردانەوەکانیشدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بەئێرانیەکان دەڵێت جارێکی دیکە ھەرگیز ھەڕەشە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان نەکەن، ئەگەر نا لەنجامدا بەشێوەیەک دەناڵێنن کە کەمی تر بەدرێژایی مێژوو بەو شێوەیە ناڵاندبێتیان.
لای خۆشیەوە سەرکردەیەکی سەربازی کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەبونی وڵاتەکەی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەمریکا ڕاگەیاندوە.

ڕاپۆرتی ھاوکار جەزا

ھاتنە سەرکاری ترەمپ و ھەوڵی دەرچونی ئەمریکا لەڕێکەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، ھەموو ئەوەی تێکدایەوە کە باراک ئۆباما سەرۆکی پێشوی ئەمریکا بونیادی نابوو لەپێناو ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی ئەمریکاو وڵاتانی جیھان لەگەڵ ئێران.

٢٢ی تەموزی ئەمساڵ ئاژانسی رۆیتێرز لەزاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکیەوە بڵاو کردەوە، کە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکان کەمپینێکی دروستکردوە بۆ جوڵاندنەوەی ناڕەزایەتییە نێوخۆییەکانی ئێران ودروستکردنی پشێوی بۆ ئەوەی تاران ناچاربکات دەستێوەردان لەوڵاتانی ناوچەکە و بەرنامە ئەتۆمیەکەی ڕابگرێت.

بڵاو بونەوەی ئەم ھەواڵ کاردانەوەی لەسەر ئاستی باڵای ئێران بەدوای خۆیدا ھێناو،  لای خۆیەوە حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەوەی ڕاگەیاند، کە دەبێت ئەمریکا ھۆشیاربێت شەڕکردن لەگەڵ ئێران واتە ھەڵگیرساندنی دایکی شەڕەکان.

سەرۆک کۆماری ئێران ھۆشداری ئەوەشی بە ترەمپ داوە لەبارەی سیاسەتەکانی بەرامبەر وڵاتەکەی و دەڵێت،"سەرۆک ترەمپ یاری بە کلکی شێر مەکە، ئەوە تەنیا دەبێتە مایەی پەشیمانی".
ئەم وتانەی ڕۆحانی لەمیانەی گفتوگۆیەکدا بووە لەگەڵ کۆمەڵێک دیبلۆماتکارانی وڵاتەکەی.

لەبەرامبەردا دۆناڵد ترەمپ لەتویتەرێکدا وەڵامی ووتەکانی حەسەن ڕۆحان دایەوە ونوسیویەتی ئەگەر جارێکی تر ھەڕەشە بکەیت، دەرئەنجامێکی زۆر خراپی دەبێت.
ترەمپ لە درێژەی پەیامەکەیدا بۆ لەتویتەر بە یەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت،"جارێکی دیکە ھەرگیز ھەڕەشە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان نەکەیت، ئەگەر نا لەدەرئەنجامدا بەشێوەیەک دەناڵێنیت کە کەمی تر بەدرێژایی مێژوو بەو شێوەیە ناڵاندبێتیان."
ترەمپ ئەوەشی نوسیوە ،" ئاگاداربە، چیتر ئێمە ئەو وڵاتە نین کە بوەستێت لەئاست وشە شێتانەکانی توندوتیژی و مەرگ".

لەلایەکی دیکەشەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە وتارێکیدا لەپانێڵی" پشتگیریی دەنگی ئێرانییەکان " کە لە کالیفۆرنیا ڕێکخرابوو ئاماژەی بەوە کردوە"حکوومەتی ترەمپ لەگەڵ ئێوە ھەمان خەونی ھەیە بۆ گەلی ئێران، بەھەوڵەکانی ئێمە و یارمەتیی خواوەند  ئەو رۆژە ھەر دێت".
پۆمپیۆ لە درێژەی وتارەکەیدا بەرپرسانی ئێران بە گەندەڵی تۆمەتبار دەکات ودەڵێت،" ئاستی گەندەڵی و دەوڵەمەندیی سەرکردەکان، نیشانی دەدات ئێران لە لایەن مافیاوە بەڕێوەدەبرێت وەک لەوەی لەلایەن حکومەتێکەوە بەڕێوەببرێت".
ناوبراو بانگەشەی ئەوەی کرد کە رژێمی ئێران ئەگەر بە بەکارھێنانی ھێزیش بێت، دەیەوێت ھەژموونی خۆی لە ناوچەکەدا بسەپێنێت.
ئەو بەرپرسە ئەمریکیە باسی لەوەش کردوە کە سێَ یەکی گەلی ئێران لەژێر ھێڵی ھەژاریدان و دەکرا داھاتی نەوت کە دوای رێککەوتنی ئەتۆمی زیادیکردوە بۆ گەل برۆیشتایە. لەجێگەی ئەوە ئەو داھاتە بۆ تیرۆریستان و دیکتاتۆر و چەکدارانی شەڕی بەوەکالەت رۆیشتووە.
دەشڵێت"پێموایە ھەمووان ھاوڕان کە رژێمی ئێران کابووسێکە بۆ گەلی ئێران".

لای خۆشیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وتەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە دەستێوەردان ناو بردوە و بەھرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت،"ئەو سیاسەتانە ئێرانیەکان یەکگرتوو دەکەن بۆ زاڵبوون بەسەر پیلانگێڕیەکانی سەر وڵاتەکەیان". 

بەگوێرەی ھەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتێرز مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی حکومەتەکەی ترەمپ یەکێکە لەو بەرپرسانەی ئەرکی جێبەجێکردنی بەرنامەکەیان لەئەستۆ گرتوە کە سەرۆکی ئەمریکا لە دژی حکومەتی ئێران دەستی پێکردوە.

قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران لەگوتارێکیدا لە ھەمەدان، لەوەڵامی ھەرەشەکانی ترەمپدا، ئەو سەرۆکەی بە قومارچی ناو بردوە وپێی وتوە کە ئەو لەئاستی سەرۆک کۆماردا نیە وەڵامی بداتەوە، ئەو وەک سەربازێک وەڵامی دەداتەوە.
ئەو سەرکردەیە سەربازیەی ئێرا ئەوەشی ڕاگەیاندوە، ئەمریکا دوای ١٧ ساڵ و بە ١١٠ ھەزار سەرباز لەتاڵیبان دەپاڕێتەوە بۆ دانوستاند، کەچی ھەڕەشە لە ئێران دەکان.
سولەیمانی لە وتارەکەیدا ڕایگەیاندوە، ئێمە ئامادەین، ئەمریکا شەڕ دەستپێدەکات، بەڵام ئێران کۆتایی پێدەھێنێت.
قاسم سولەیمانی زۆرترین کاریگەری ھەیە لەو ناوچانەی ئێران ھەژمونی تێداھەیە ویەکێکە لە بەھێزترین کەسایەتییەسەربازیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.

لەپاش ھاتنە سەرکاری دۆناڵد ترەمپ ئاستی پەیوەندیەکانی ئەمریکا وئێران ئاڵۆزی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە وبەرپرسانی ھەردولاش یەکتر تۆمەباردەکەن و ئەمریکاش نیگەرانی خۆی نەشاردوەتەوە لە ئاست دەستێوەردانەکانی ئێران لەوڵاتانی ناوچەکە و ھاوکاری کردنی تیرۆر وگروپە شیعیەکان. 

ھەر ئەمەش وای لەو وڵاتە کردوە بیر لە بژاردەی جیاواز بکاتەوە لەبەرامبەر ڕاگرتنی ئەو ئێران، کە ڕەنگە یەکێک لە بژاردنەکان بەکار ھێنانی ھێزی سەربازی بێت.


‌‌‌
7/27/2018 8:36:15 PM
Print Friendly and PDF