هەواڵ

دادگاى فیدراڵى ئیمتیازاتەکانى پەڕلەمانتارانى هەڵپەسارد


بزاڤ :



دادگاى فیدراڵى لەسەر داواى حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیران کارکردن بە یاساى ئیمتیازاتەکانى پەرلەمانتارانى ڕاگرت کە پەڕلەمان پێش تەواوبونى کاتەکەى پەسەندى کردبوو.

وتەبێژى فەرمی دادگاى فیدراڵى لە بەیاننامەیەکى رؤژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دوو شەممە دادگاى باڵاى فیدراڵى دانیشتنى خۆى ئەنجامدا و تاوتوێی ئەو داوایەى کرد کە حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیران پێشکەشى کردووە بۆ تانەدان لە مادەکانى یاساى پەڕلەمان وپێکهاتەکانى ژمارە (١٣)ى ساڵى ٢٠١٨ کە داواکار داوایکردوە کارکردن بە مادەکانى ئەو یاسایە ڕابگیرێت تا ئەو کاتەى داواکە یەکلایدەکریتەوە.

بەیاننامەکە ئاماژەى بەوەشکردوە، لەبەر ئەوەى داواکە پشتى بە هۆکارە یاساییەکان بەستوە، و لەبەر ئەوەى دادگاى دەستورى کە دادگاى فیدراڵى نوێنەرایەتى دەکات و، وە بەپشتبەستن بە حوکمەکانى مادەى(١٥١) لە یاساى بەرزکردنەوەى موچە مەدەنیەکان ژمارە(٨٣)ى ساڵى ١٩٦٩و بە مادەى (٩٣) لە دەستور و مادەى (١٥٢) لە یاساى بەرزکردنەوەى مەدەنى بە رێککەوتن کارکردن بەمادەی تانە لێدراوەکانى یاساى پەڕلەمان ڕادەگیرێت تا ئەوکاتەى یەکلادەکرێتەوە، ئەمەش بەپێى دەستور.

پاش ئەوەى سەرۆک وەزیرانى عێراق دوێنێ یەکشەممە لەدادگاى فیدراڵى تانەى دا لەهەندێک بڕگە و مادەى پەیوەست بەماف و ئیمتیازاتى پەرلەمانتاران کە لەیاساى "ئەنجومەنى نوێنەران و پێکهاتەکانى" دا لە ئازارى رابردوو پەرلەمان بەشێوەیەکى نیمچە نهێنى گەڵاڵەى کردبوو، ئەمڕۆ دادگاى فیدراڵى بەرێککەوتنى ئەندامەکانى بڕیاریدا بەراگرتنى کارکردن لەمادەی تانە لێدراوەکان تا ئەوکاتەى چارەنووسى سکاڵاکەى سەرۆک وەزیران یەکلایی دەکرێتەوە.

خولى  سێیەمى کۆتاییهاتووى پەڕلەمانى عێراق دوور لەچاوى میدیاکان و لەمانگى ئازاردا بەئامادەبوونى زیاتر لە ٢٢٠ پەڕلەمانتار یاسایەکى بۆ ماف و ئیمتیازاتى ئەندامەکانى دەرکردووە لەپاش کۆتاییهاتنى تەمەنی یاساییان کە ژمارەیان ٣٢٨ کەسە. ئەم یاسایە کە چەند رۆژى رابردوو لەلایەن فوئاد مەعسومەوە کرا بە مەرسومى کۆمارى بوەتە بەشێک لە هۆکارى ئاڵۆزکردنى دۆسیەى خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانى دژ بە گەندەڵى چونکە بەلاى ناڕازییەکانەوە پەرەسەندنێکى نوێیە لە تەرخانکردنى داهات و سامانى وڵات بۆ دەستەبژێرێکى دیاریکراو لەکاتێکدا زۆرینەى خەڵک لە کولە مەرگیدا دەژین.

بۆ رێگرتن لە پەرەسەندنى زیاترى ئەم ناڕەزایەتیانەش حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیران، ڕەتکردنەوەى یاساکەى راگەیاندووە و تانەى پێشکەش بەدادگاى فیدراڵى کرد چونکە بەقسەى ئەو، یاساکە بارگرانى دارایی زیاتر بۆ حکومەت دروست دەکات بەبێ ئەوەى پرسى پێ کرابێت بۆ گەڵاڵەکردنى.


‌‌‌
7/23/2018 11:40:12 AM
Print Friendly and PDF