بزاڤ :
بومەلەرزەیەکی بەهێز بە پلەی ٥.٩ بە پێوەری ڕێختەر سنورەکانی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی هەژاند.
بەپێی زانیارییەکان بومەلەرزەکە ٥.٩ پلە بووە بە پێوەری ڕێختەر و چەقەکەشی ناوچەی تازاوای سەربە شاری سەلاسی باوەجانی بووە لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
هاوکات بومەلەرزەکە بە قوڵایی ١٠ کیلۆمەتر و بە دووری ٣٦ کیلۆمەتر لە سەرپێل زەهاوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، بە دووری ٧٦ کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای کرماشانەوە و ٢١١ کیلۆمەتر لە باکوری ڕۆژهەڵاتی بەغداوە ڕوویداوە.
بومەلەرزەکە زیاتر لە ١٠ چرکەی خایاند و زۆرینەی هاوڵاتیان لە ڕۆژهەڵات و هەرێمی کوردستان هەستیان پێکرد.
پیرحسێن کولیوەند سەرپەرشتیاری فریاگوزاری ئێران بە ئاژانسی ئیلنای ئێرانی ڕاگەیاند، تا ئێستا سێ کەس لە جوانڕۆ ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.
وتیشی، ١٠ تیمی لێکۆڵەوەر و چەندین هێلیکۆپتەری فریاگوزارییان ڕەوانەی شوێنی بومەلەرزەکە کردووە.
ئەوەش لە کاتێکدایە ١٢ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٣ پلە بە پێوەری ڕیختەر سنورەکانی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی هەژاند و بەهۆی ئەوەی چەقی بومەلەرزەکە ناوچەی ئەزگلەی سەر بە پارێزگای کرماشان بوو، زۆرترین زیانی گیانی و مادی و بەر ئەو ناوچەیە کەوت.