هەواڵ

کۆمسیۆنی هەرێم ئاگادارییەک ئاڕاستەی حزب و لایەنەکان دەکات


بزاڤ :


کۆمیسونی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم ڕایگەیاند، لە ٣١ قەوارە و هاوپەیمانی بەشدار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا تەنها دوو قەوارە و یەک لیست ناوی کاندیدەکانی خۆیان پێشکەش بە کۆمسیۆن کردووە.

شۆڕش حەسەن بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی کۆمسیۆنی هەرێم ڕاگەیاند، "ئەگەرچی لە ٧ی ئەم مانگەوە و لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە سەرجەم لایەنەکان و حزبەکانی کوردستانمان ئاگادار کردووەتەوە بۆ ئەوەی ناوی کاندیدەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕادەستی کۆمسیۆن بکەن، بەڵام تا ئێستا دوو قەوارەی ئەرمەن و لیستی تورکمانی ناوی کاندیدەکانی خۆیان پێشکەش کردووە."

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوە لە کاتێکدایە تا ٢٥ی ئەم مانگە تۆمارکردنی ناوی کاندیدەکان بەردەوام دەبێت و ئەگەر ئەو حزب و لایەنانە ناوی کاندیدەکانیان نەهێنن، ئەنجومەنی کۆمسیاران کۆدەبێتەوە و بڕیاری درێژکردنەوە ماوەی تۆمارکردنی ناوی کاندیدەکان دەدات.

جەختی لەوەش کردەوە، ماوەی درێژکردنەوەی بڕیارەکە تەنها یەک بۆ دوو ڕۆژ دەخایەنێت بۆیە پێویستە سەرجەم لایەن و حزبەکانی کوردستان ناوی کاندیدەکانیان پێشکەشی کۆمسیۆن بکەن بۆئەوەی ئەوانیش ئاراستەی دەستەی دەستپاکی و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم بکەن.

بڕیارە ٣٠ی ئەیلولی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێبکات و بەپێی تۆمارە سەرەتاییەکانیش، سێ ملیۆن و ٨٨ هەزار و ٦٤٢ کەس مافی دەنگدانیان هەیە.


‌‌‌
7/22/2018 2:46:30 PM
Print Friendly and PDF