هەواڵ

دواى دوو ساڵ، بارى نائاسایى لە تورکیا هەڵگیرا


بزاڤ :


دواى تێپەڕبوونى دوو ساڵ لە کودەتا شکستخواردووەکەى ١٥ى تەمووزى ٢٠١٦، بارى نائاسایى لە تورکیا هەڵگیرا و پارتى داد و گەشەپێدانیش پرۆژە یاسایەکى بۆ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر پێشکەشى پەرلەمان کردووە.

هەرچەندە هەڵگرتنى بارى نائاسیى لەلایەن ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پیشوازى لێکرا، بەڵام پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانى تورکیا دەڵێن دەترسن حکومەت بارى نائاسایى لە چوارچێوەى یاساى نوێى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆردا درێژە پێبدات.

پرۆژە یاساکە لەلایەن پارتى دەسەڵاتدارەوە ئامادەکراوە و ماف دەداتە دەسەڵاتە خۆجێییەکان کە هاتوچۆى ئەو کەسانە سنورداربکەن کە مەترسیى لەسەر ئاسایشى گشتى دروستدەکەن، لە هەمان کاتدا ڕێگایان پێدەدات ماوەى دەستبەسەرکردنى کەسانى گومانلێکراو درێژ بکەنەوە.

ڕاگەیاندنى بارى نائاسایى لە بنەڕەتدا بۆ ماوەى سێ مانگ بوو بەڵام حەوت جار درێژکرایەوە و ماوەى دوو ساڵى خایاند.

لە ژێر ناوى بارى نائاساییشدا، دەسەڵاتدارانى تورکیا هەڵمەتێکى فراوانى پاکتاوکردنى ئۆپۆزسیۆن و کورد و دەزگاکانى ڕاگەیاندن و ڕێکخراوە ناحکومییەکانیان دەستپێکرد و لە ماوەى دوو ساڵدا ٨٠ هەزار کەسیان دەستگیرکرد و زیاتر لە ١٨٠ هەزار کەسیش لە کارەکانیان دوورخرانەوە.


‌‌‌
7/19/2018 1:16:03 PM
Print Friendly and PDF