هەواڵ

ئەردۆغان: پەڕاوی کودەتامان بە یەکجارەکی داخست


بزاڤ :

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، پەڕاوی کودەتایان لە وڵاتەکەیان بە یەکجارەکی داخستووە بەجۆرێک کە ڕووداوی لەوشێوەیە هەرگیز دووبارە نابێتەوە.

لە میانی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی کوژراوانی کودەتا شکسخواردووەکەی ١٥ی تەمموزی ٢٠١٦ لە شاری ئیستەنبوڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند،  "ئەمڕۆ ھەم خەمێکی قوڵ و ھەمیش شانازییەکی گەورە لە دڵماندایە".

وتیشی، "١٥ی تەمموز دووبارە ناوی ھەڵسانەوە و زیندوبوونەوە و خۆڕاگری گەلی تورکە".

سەرۆک کۆماری تورکیا زاڵبوون بەسەر کودەتا شکسخواردووەکەی ١٥ی تەمموزی ساڵی ٢٠١٦ی بە سەرکەوتن بۆ گەل و وڵاتەکەی لەقەڵەمدا و ڕایگەیاند، "ئەم سەرکەوتنە ئەنجامی ئەو شەھید و بەشداربووانەیە کە ئەو شەوە رووبەڕووی تانکەکان و فڕۆکەکان بوونەوە".

جەختیشی کردەوە، پەڕاوی کودەتایان بە جۆرێک داخستووە کە هەرگیز ڕێگەنادەن ڕووداوی لەوشێوەیە لەناوخۆی تورکیا دووبارە ببێتەوە.

شەوی ١٥ لەسەر ١٦ی تەمموزی ساڵی ٢٠١٦ کودەتایەکی سەربازی لە تورکیا سەریهەڵدا و دوای چەند کاتژمێرێک حکومەتی ئەو وڵاتە توانی بە یارمەتی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان کۆتایی بە کودەتاکە بهێنێت.

دواتر و بەتۆمەتی دەستێدابوون لە کودەتاکە بە هەزاران کەس دەستگیر کران و بە دەیان هەزار کەسیش لە کارەکانیان دوورخرانەوە.


‌‌‌
7/16/2018 10:52:32 AM
Print Friendly and PDF