راپۆرت

سکرتێری پارتی لەساڵی ١٩٤٨ بن دیواری داھێنا



بزاڤ:دلێر عبدوڵا

مێژووی دامەزراندنی مووچەخۆری بن دیوار بەگێڕانەوەی جەڵال تاڵەبانی


دامەزراندنی مووچەخۆری بن دیوار لەباشووری کوردستان، مێژوییەکی کۆنی ھەیەو بەپێی سەرچاوەیەک یەکەمین مووچەخۆری بن دیوار لە ساڵی ١٩٤٨ و لەسەردەمی رژێمی پاشایەتی عێراق (مەلیک فەیسەڵ) دامەزراوە.

کێشەو گرفتی بوونی مووچەخۆری بن دیوار کە لە ئێستادا بووەتە بەڵایەکی گەورە بەسەر فەرمانبەرانی راستەقینەی ھەرێمی کوردستانەوە، مێژوییەکی کۆنی ھەیەو سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی چلەکانی سەدەی رابردوو، لەو کاتەی مەلیک فەیسەڵی دووەم پاشای عێراق بووە.

بەپێی ئەو زانیاری و داتایانەی لەماوەی رابردوودا لەنێو پەرلەمانی کوردستانەوە بڵاوکرایەوە، لە ئێستادا زیاتر لە ٤٠٠ ھەزار مووچەخۆری بن دیوار لەھەرێمی کوردستاندا ھەیە، ئەوەش کێشەیەکی گەورەی بۆ بودجەی ھەرێم دروستکردووە، جگەلەوەش زیانێکی زۆری لەمووچەخۆرانی راستەقینە داوەو بەشێکی زۆری کێشەو قەیرانی دارایی ئەمرۆ، پەیوەندی بە بوونی ئەو ژمارە زۆرەی موچەخۆرانی بن دیوارەوە ھەیە.

جەلال تاڵەبانی، لەکتێبی (مام جەلال، دیداری تەمەن) باس لەمێژوویەک دەکات کە سەرەتای دامەزراندن و دەرکەوتنی مووچەخۆری بن دیوار نیشان ئەدات، بەجۆرێک دەتوانرێت وەک دەروازەی دەرکەوتنی گەندەڵی و خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات لەلایەن سیاسییە کوردەکانی ئەوکاتەوە تەماشا بکرێت.

تاڵەبانی بەم چیرۆکە مێژووی دەرکەوتنی مووچەخۆری بن دیوار باس دەکات "ئەو کاتەی سەعید قەزاز موتەسەریفی موسڵ بوو، ئێمەش لەسەر مەسەلەی کوردایەتی دوورخرابوینەوە بۆ ئەو شارە، چوینەلای بۆ شکاتکردن، چونکە مافی خۆمانیان نە ئەداینێ، لەوێ لەگەڵ سەعید قەزاز گفتوگۆی زۆرمان کرد لەسەر مەسەلەی کورد، زۆر رێزی ئێمەی گرت و قسەی خۆشی بۆ کردین، قسەکانی لەپیاوی حکومەت نە ئەچوو، بۆ نمونە وتی: کاتێ ھەمزە عەبدوڵای سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان موختەفی بوو، نامەی بۆ نوسیم کە ساڵحی خاڵۆزای بەسەرۆکی کرێکاران بۆ تەعین بکەم، بەمەرجێ دەوام نەکات و مەعاشیش وەربگرێ."

بەپێی گێڕانەوەکەی تاڵەبانی بێت، ھەمزە عەبدوڵڵا لە ساڵی ١٩٤٨ نامەکەی نوسیوە، بەو پێیەی ناوبراو بۆ ماوەی ١١ ساڵ خۆی لەدەستی میری شاردووەتەوە، واتە لەساڵی ١٩٣٨ەوە خۆی شاردووەتەوە تا ساڵی ١٩٤٩، بەو پێیەش بێت ساڵێک پێش کۆتایی ھاتنی ماوەی خۆ شاردنەوەی نامەکەی نوسیوە.

سکرتێرەکەی پارتی، لەکاتی خۆشاردنەوەیدا توانیویەتی کار بۆ دامەزراندنی مووچەخۆری بن دیوار بکات و لەوپەڕی لاوازی حزبەکەی لەگۆڕەپانی سیاسی عێراقدا، ھەوڵی لەو جۆرە بدات، لەکاتێکدا زۆرینەی ئەندامانی حزبەکەی نەفی کراون. 

سەعید قەزاز کەسایەتیەکی دیاری کورد بووەو لەسەردەمی رژێمی پاشایەتی چەندین پۆستی ھەبووە، لەوانە موتەسەریفی ھەولێرو موسڵً و قایمقامی دووزو چەند پۆستێکی تر، تاڵەبانی لەباسی قەزازدا دەڵێت "کەڵە پیاوێکی کوردی کۆنەپەرستی خاوەن عەقیدەی خۆی و خاوەن بیروباوەڕی کۆنەپەرستانەی خۆی بوو، بەڵام دلێرو جوامێر بووەو پیاوێکی خۆڕسکی خۆ پەروەردە، واتە خۆی خۆی پێگەیاندووە."


‌‌‌
7/8/2018 2:19:46 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو