هەواڵ

‌سەنتەری میترۆ: ئیدانەی ھێرش کردنە سەر میدیاکاران دەکەین



بزاڤ:
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان رایگەیاند، لەکاتی تەقینەوەی جبەخانەکەی وەزارەتی پێشمەرگە لە سلێمانی، ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ پەلاماری رۆژنامەنوسانیان دەدا و کەلوپەلەکانیان زەوتدەکرد و توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجام دەدان.

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لەمافی رۆژنامەنووسان لە راگەیەندراوێکیدا کەوێنەیەکی دەست بزاڤ کەوتووە رایگەیاند: شەوی رابردوو دەنگی تەقینەوە بەرزبونەوەی ئاگرێک لە کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی ھێزەکانی ٧٠ـی وەزارەتی پێشمەرگە لە تاسڵوجەی نزیک سلێمانی، ترس و دڵەراوکێیی لە نێوان ھاوڵاتیان دروستکرد، بە تایبەتیش ھاوڵاتیانی دانیشتوی نزیک رووداوەکە.

بە پێی لێدوانی رەسمی لێپرسراوی راگەیاندنی ھێزەکانی٧٠ی وەزارەتی پێشمەرگە "لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان لەسەر ھۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەپێکھێناوە، ھێشتا روون نەبووەتەوە ھۆکاری ئاگرەکە چییە".

لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا ئەمە دووەمین کۆگای تەقەمەنییە لە ھەرێمی کوردستاندا گڕدەگرێت و دەتەقێتەوە.
پێتریش لە بەرەبەیانی ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٨ کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی لە شارەدێی بەحرکەی سەر بە شاری ھەولێر تەقییەوە.

سەنتەری میترۆ پێی وایە ئەو ھێزانەی کە لە نزیک رووداوی مەترسیداردا بۆ کۆنترۆڵکردن و سەلامەتی گیانی خەڵکی مەدەنی ئەرکیان پێدەسپێردرێت، دەبێت رێنمایی سەلامەتی بە رۆژنامەنوسەکان بدەن نەک پەلاماریان بدەن و کەلوپەلی کارەکانیان زەوتبکەن.

ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە بری مامەڵەی نەرم و رێنماییکردن، بە پەلاماردان و توندوتیژی و زەوتکردنی کەلوپەلی میداکاران مامەڵەی لەگەڵ تیمەکانی میدیا کرد، بەم کارەشیان رێگربوون لە گەیاندنی زانیاری بۆ ھاوڵاتیان.

میترۆ ئیدانەی توندوتیژییەکان دەکات بەرامبەر بە میدیاکاران کراوە و داوا دەکات، لەکاتی رووداوی مەترسیداری لەو شێوەیە، شوێنی تایبەت و سەلامەت بۆ رۆژنامەنوسان دیاریبکات، نەک رێگر بێت لە گەیاندنی زانیاری بۆ رای گشتی کە بەمەش ھەردوو یاسای کاری رۆژنامەنووسی و یاسای پێدانی زانیاریان پێشێلکرد.

ھەروەھا داوا لە رۆژنامەنوسان دەکەین لەکاتی روماڵکردنی رووداوی مەترسیدار، خۆیان لە ھەندێ سەرکێیشی ناپێویست بپارێزن، پابەند بن بە رێنماییەکانی سەلامەتی.

ئەو کەیسانەی کە بە سەنتەری میترۆ گەیشتووە:   
تیمی کەناڵی KNN (بڕیار نامیق، بیستون فایەق) کامێراکەیان بۆ ماوەی کاتژمێرێک زەتکراوە.

پێشکەوت عەبدوڵا پەیامنێری رادیۆ نەوا، دەست بەسەرکراوە، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک کامێراکەی زەتکراوە،  بەبێ (میمۆری) کامێراکەیان پێداوەتەوە.

ھەورامان ھاشم پەیامنێری تۆڕی ھەواڵی سلێمانی، دەست بەسەرکراوە، پاش چەند کاتژمێرێک  بە بێ (میمۆری) پێداوەتەوە.

تیمی کەناڵی خەندان رێگرییان لێکرا روماڵ بکەن.

تیمی کەناڵی K٢٤ ھاوژین جەمال، بەرھەم جەمال، کامێرایان لێسەنوون ھەروەھا پەلاماری فۆتۆگرافەرەکەیان، ئیبراھیم فەتاح و شۆفێرەکەیان سۆران محەمەدی و محەمەد تەیب، بەرپرسی ئۆتۆمبێلی ئێس ئیس ێن جی یەکەیان دراوە. کامێرکانیان بە بە بێ میمۆری پێ دراوەتەوە.

تیمی تۆڕی میدیای رووداو ھاوکار یاسین، مەریاوان عەلی، پەلامار دراون کامێراکەشیان بۆ ماوەیەک لێسەندوون و دواتر وەریانگرتوەتەوە.
 
کەناڵی ئێن ئاڕتی ئاوات مەحمود، محەمەد، لە کاتی روماڵی راستەوخۆدا بەشەق و زللە پەلاماردراون و دەست بەسەرکراون، شۆفێرەکەیان چۆمان لوقمان، لەلایەن ھێزی ئامادەی سلێمانیەوە دەستگیرکراوە، دوای چەند کاتژمێرێک کامێراکەیان بە بێ میمۆری وەرگرتوەتەوە.

تیمی کەناڵی پەیام، دەست پاش لێدان و سوکایەتی دەست بەسەرکراون و کەلوپەلی رۆژنامەوانیان زەوتکراوە.


‌‌‌
7/3/2018 1:56:23 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو