بانگەشەی هەدەپە بۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە ئامەد
بزاڤ :
لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان بانگەشەی هەدەپە بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان بەڕێوەچوو و هەزاران لایەنگر بەشدارییان تێدا کرد.
ماڵپەڕی فورات نیوز بڵاویکردەوە، بانگەشەکە لە گۆڕەپانى ستاسیۆندا دەستیپێکرد و تیایدا ئاڵا و وێنەى جۆراجۆری هەدەپە و لافیتە و پۆستەرەکانی "ژنان فاشیزم تێکدەشکێنن"، "ژن، ژیان، ئازادی"، "ناونیشانى ئازادی و یەکسانیمان، هەدەپەیە"، "دەنگى ژنان بۆ ئازادییە" و "ئێمە رێگا بە فاشیزم نادەین" رازێنرابوونەوە و ئەو دروشمانە بەرزکرابوونەوە.
هاوکات ژمارەیەک لە لایەنگران و بەشداربووانی بانگەشەکە چەندین دروشمیان بۆ دڵسۆزى و خۆشەویستیى خۆیان بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەرى زیندانیکراوی پەکەکە لەگەڵ دروشمى "بە بەرخۆدانەکەمان سەردەکەوین" دەوتەوە.
وابڕیارە ٢٤ی حوزەیران هاوڵاتیانی تورکیا لەسەرانسەری ئەو وڵاتە بۆ دیاریکردنی سەرۆک کۆمار و ئەندامانی ٢٧مین خولی پەرلەمان بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی زیندانیکراوی هەدەپە کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە.
|