هەواڵ

دیندار زێباری:لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ وە نزیکەی ٦ ھەزار کەس ئاوارەی ھەرێم بوون




بزاڤ:

دیندار زێباری حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە پابەندبوونی بە بنەما نێودەوڵەتییەکان و پرینسیپ و بەھاکانی مافی مرۆڤ بەردەوام پەناگەی ئارام بووە بۆ خەڵکی لێقەوماو و دەرگای کراوەبووە بەرووی ئاوارە وپەنابەراندا بە ھەموو پێکھاتە ئایینی، مەزھەبی و نەتەوەییەکان لە عێراق و وڵاتانی دراوسێ. 

د.دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە ھەرێمی کوردستان لە رۆژی جیھانی پەنابەراندا رایگەیاند" حکومەتی ھەرێم ھیچکات سیاسەتی ئەوەی نەبووە بە زۆر ئەم ئاوارە  و پەنابەرانە بگەڕێنێتەوە شوێنەکانیان و بە ھیچ شێوەیەک ناچار بەم کارەی نەکردوون بەڵکو بە پێچەوانەوە ھەوڵی جددی داوە بۆ دابینکردنی پێداویستییە مرۆییەکان بۆیان و پاراستنی سەرجەممافەکانیان لە ھەرێمی کوردستاندا بۆ ئەوەی بتوانن بمێننەوە ئەگەرچی خۆی فشارێکی زۆری لەسەر بووە. شایەنی ئاماژە پێکردنە ئەوانەی کە بە خواستی خۆیان گەڕاونەتەوە لە مانگی ئایار رێژەکەیان ٢٠٥٥ کەسە".

 

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوە کرد کە بڕی تێچووی خەملێنراو بۆ دابین کردنی پێداویستی کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی، ئابووری و مرۆیی ئاوارەکان و پاراستنی سەرجەممافەکانیان لە ھەرێمی کوردستان بریتیە لە ملیارێک و ٩٨٨ ملیۆن دۆلار لە ساڵێکدا.  ھەروەھا تێچووی دابینکردنی پێداویستییە ھەرە سەرەتاییەکانی ڕۆژانەی ھەر ئاوارەیەک، وەکو شوێنیحەوانەوە، ئاسایش، ئاو و پاکوخاوێنی، کارەبا، تەندروستی، پەروەردە، بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی کەمپەکان دەکاتە ٥ ملیۆن و ٥٥٠ ھەزار دۆلاری ئەمریکی. لە ئێستادا ژمارەی کەمپەکان ٣٩ کەمپە کە ٩ کەمپیان تایبەتە بە پەنابەران و ٣٠ کەمپیش بۆ ئاوارەکان.

 

ژمارەی ئاوارەکان لە ھەرێمی کوردستان رۆژ لە دوای رۆژ روو لە زیاد بوونە بەھۆی ململانێی تائیفی، بوونی میلیشیاکان و بوونی شانەی نووستووی تیرۆریستان بەتایبەت لە ھەندێک لە ناوچەکانی دەرەوەی ھەرێم وای کردووە ژمارەیەکی زۆر ئاوارە روو لە ھەرێم بکەن و ئەوانەش لێرەن نەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان بۆ نموونە ھەر لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٨ دا ٥٩٢ کەس ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوونە کە زۆرینەیان لە موسڵەوە ھاتوون، ھەروەھا لە مانگی ١ی ٢٠١٨ تا ئەمڕۆ ئەو ژمارەیە گەشتووەتە ٥٩٨١ کەس.

 

سەبارەت بە دابین کردنی ھەلی کار بۆ ئاوارە  وپەنابەران رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند"حکومەتی ھەرێم، سیاسەتێکی بۆ سەرجەم ئاوارە و پەنابەران پەیڕەو کرد لەسەر بنەمایمافی مرۆڤ ئەوەش پێدانی مۆڵەتی نشینگە وکارکردن بوو. ئەوەش بووە ھۆکارێک بۆ رەخساندنی دەرفەتی کارکردن بۆ ژمارەیەکی زۆری ئاوارە و پەنابەر و ئامارێکی دڵخۆشکەری رێژەی کاریبەرھەم ھێنا، کە ٦٣،٥ ٪ی ئاوارەکان و ٨٧،٩ ٪ی پەنابەرانی سوریا ئەوانەی دەتوانن کاربکەن، کار دەکەن و داھاتێک وەدەست دەخەن لە ناوە و دەرەوەی کەمپەکان".

 

لە درێژەی قسەکانیدا زێباری جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، رێکخراوە نێودەولەتییەکان و ئاژانسەکانی یوئێن ھاوکاربوونە بۆ باشتر کردنی رەوشی مرۆیی ئاوارە و پەنابەران بەڵام کێشەکە لەوەدایە مانەوەی ئەم ژمارە زۆرە ئاوارەیە و زیادبوونی خێرای ژمارەی دانیشتوان بەھۆی ھاتنی ئەم ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران حکومەتی ھەرێمی خستووەتە ژێر باری ئەرکێکی قورسەوە و ناتوانێت بە تەنھا رووبەرووی ئەم رەوشە ببێتەوە بۆیە داوا دەکەین لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە ھاوکارییەکانیان بۆ ئاوارەو پەنابەران زیاتر بکەن بەتایبەتی لەرووی دابین کردنی پێداویستی تەندروستی و پەروەدە و دابینکردنی شوێنی حەوانەوە بۆیان".

 

 وتیشی :"ھاتنی بە لێشاوی ئەم ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران وای کردووە کە ژمارەی دانیشتوان لە ھەرێمی کوردستان بە رێژەی ٣٢% زیاد بکات و بەمەش حکومەتی ھەرێم کەوتووەتە ژێر باری ئەرکێکی قورسەوە بەتایبەتی لە رووی ئابوورییەوە. بەپێی دواین ئامارەکان رێژەی پەنابەرانی رۆژئاوا لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ٢٤٢ ھەزار ، پەنابەرانی باکوور ٢١ ھەزار، رۆژھەڵات ١٣ ھەزار و کۆی گشتیان گەشتووەتە زیاتر لە ٢٧٧ ھەزار کەس، ھەروەھا زیاتر لە ملیۆنێک و  سەد ھەزار ئاوارەمان لە ئێستادا لە ھەرێم ھەیە کە پێکدێن لە پێکھاتەی برا عەرەبەکان، کوردانی ئێزیدی، مەسیحی، کاکەیی، شەبەک و پێکھاتەکانی دیکە."
 


‌‌‌
6/20/2018 5:22:00 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ