هەواڵ

سلێمانی.. ئامارەکانی تەندروستی لە پشووەکانی جەژنی ڕەمەزاندا دەخرێتە ڕوو




بزاڤ:

بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، ئاماری خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لەماوەی ھەرسێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا لەشاری سلێمانی دەخاتەڕوو.

لە ڕاگەینداوێکی دا بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، لە پێگەی تایبەتی خۆی ڕایگەیاند:"ئامارەکان نەخۆشخانەکانی فریاکەوتنی شارو فریاکەوتنی خێرای نەشتەرگەری و فریاکەوتنی منداڵبوون و پسپۆڕییەکانی دڵ و سەنتەری فریاگوزاری خێرای تەندروستی لەخۆ دەگرێت."

بەپێی ئامارەکان لەو ماوەیەدا، سێ ھەزارو ٣٣٥ کەس سەردانی ھەردوو نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شارو نەشتەرگەرییان کردووە لەو ڕێژەیەش ٦٢٩ کەسیان داخڵی ھەردو نەخۆشخانەکە کراون کە ٢٥٨ حاڵەتیان لە ناو فریاکەوتنی خێرای نەشتەرگەریدا بووە، لەم ڕێژەیەش ٣٧ بریندار بەڕووداوی ھاتووچۆ و ٣٢ برینداری شەڕوپێکدادان و شەڕەچەقۆ و ١٨ برینداری کەوتن و کەوتنەخوارەوە بوون، ھەروەھا لەگەڵ ٤ حاڵەتی برینداری فیشەک و تەقەمەنی و ١٩ بریندار بەڕووداوی جیاجیا. ھەروەھا ١٣ حاڵەتی مردن بە ھۆکاری جیا جیا تۆمارکراوە کە دوانیان منداڵی نەبەکام بوون.

لەھەمان ماوەدا ٨٨ منداڵ لەدایک بوون کە یەک حاڵەتیان لەدایکبوونی منداڵی دووانە بووە، کە ٤٢ منداڵیان کوڕو ٤٦ منداڵی دیکەیان کچ بوون و ھیچ حاڵەتێکی مردنیش تۆمار نەکراوە.  لە کۆی گشتی ئەو دایکانەی لەو ماوەیەدا منداڵیان بووە، ٦٥ دایک بە شێوازی سروشتی و ٢٢ دایکیشیان لەڕێگای نەشتەرگەرییەوە منداڵەکانیان بووە.

ھەروەھا لەو سێ ڕۆژەدا، ١٧ نەخۆش کاری قەستەرەو ٣١ نەخۆشی تر خزمەتگوزاری شەبەکەو باڵۆن و یەک حاڵەتی دانانی ئامێری کارەبایی دڵ و ٢ حاڵەتی نەشتەرگەری گەورەی دڵَ ئەنجامدراوە، لەگەڵ تۆمار کردنی یەک حاڵەتی مردن لەو ماوەیەدا.

بەپێی ھەمان ئامار ٢٦ حاڵەتی دەرچوون بە کۆدی سوور لەلایەن تیمەکانی فریاگوزاری خێرای تەندروستییەوە ئەنجامدراوە بۆ سەر شوێنی ڕووداوەکان و گواستنەوەی قوربانییەکانی ڕووداوەکانی ھاتوچۆ و برینداری شەڕو پێکدادانەکان و ...ھتد،  لەگەڵ ٧٥حاڵەتی گواستنەوەی نەخۆش لە نێوان نەخۆشخانەکانداو تۆمارکردنی دوسەدو ٧٥ حاڵەتی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکی و تەندروستییەکان بە نەخۆش و ھاوڵاتیان لەشوێنە گەشتیارییەکاندا.


‌‌‌
6/19/2018 8:37:04 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو