هەواڵ

له‌ دژی هه‌ده‌په‌، ئه‌ردۆغان داوایه‌كی شاراوه‌ی له‌ موختاره‌كان هه‌یه‌


بزاڤ :


له‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌دا كه‌ له‌زگین بۆتان په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په‌ بۆ رادیۆ نه‌وای ناردوه‌ و له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیش بڵاوبۆته‌وه‌، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا فه‌رمانی به‌ موختاری گه‌ڕه‌كه‌كان كردوه‌ چییان له‌ده‌ست دێت بیكه‌ن بۆئه‌وه‌ی هه‌ده‌په‌ به‌ربه‌ستی هه‌ڵبژاردن نه‌بڕێت و ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر هه‌ده‌په‌ نه‌توانێت به‌ربه‌ستی هه‌ڵبژاردن تێپه‌ڕێنێت، ئه‌وا سودی زۆری ده‌بێت بۆمان.

ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی گشتی ئاكه‌په‌ و كاندیدی پارته‌كه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی، له‌گه‌ڵ موختاری گه‌ڕه‌كه‌ جۆراوجۆره‌كان  كۆبۆوه‌ و وتارێكی پێشكه‌ش كرد، كه‌ تێیدا داوایكرد، ده‌بێت ڕێكخستنه‌كانیان له‌ گه‌ڕه‌كه‌كاندا كار بۆ سه‌رنه‌كه‌وتنی هه‌ده‌په‌ بكه‌ن.

 له‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌دا كه‌ به‌ نهێنی تۆماركراوه‌، ئه‌ردۆغان ده‌ڵێت "هاوڕێیان ده‌بێت رێكخستنه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانمان خه‌باتی جیاواز له‌سه‌ر هه‌ده‌په‌ بكه‌ن، من ناتوانم له‌ ده‌ره‌وه‌ ئه‌م شته‌ بڵێم، به‌ڵام لێره‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ قسه‌ ده‌كه‌م، بۆچی له‌گه‌ڵ ئێوه‌ قسه‌ ده‌كه‌م؟ چونكه‌ ده‌بێت ئه‌وان (هه‌ده‌په‌) له‌ژێر به‌ربه‌ستی هه‌ڵبژاردندا بمێننه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وان به‌ربه‌ستی هه‌ڵبژاردن تێنه‌په‌ڕێنن، بۆ بارودۆخی ئێمه‌ زۆرباش ده‌بێت. ده‌بێت له‌ هه‌موو ناوچه‌كاندا هاوڕێكانی ئێمه‌ به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز كار بكه‌ن، ده‌بێت لیستی ده‌نگده‌ران بخه‌نه‌ به‌ر چاوتان و بزانن كێ كێیه‌، له‌سه‌ر ئه‌وان خه‌باتی جۆراوجۆر بكه‌ن و باوه‌ڕم وه‌هایه‌ ئه‌م شته‌ به‌ كه‌ڵكی ئێمه‌ دێت، ده‌بێت ئێوه‌ له‌ ده‌وریان هه‌ڵسوڕێن و رێگرییان لێ بكه‌ن.

‌‌‌
6/14/2018 2:12:45 PM
Print Friendly and PDF