هەواڵ

لیژنەى ئەمنی سلێمانى پلانی ڕۆژانی جەژنى خستەڕوو


بزاڤ :


لیژنەى ئەمنی سلێمانى پلانی ڕۆژانی جەژنى خستەڕوو و ڕایگەیاند، لەڕۆژی عەرەفەوە پلانەکە دەچێتە بواری جێەجێکردنەوە و چەندین لیژنەیان دەچێتە بازاڕەوە بۆ چاودێریکردنی نرخ و لایەنى تەندروستى و ڤێتەرنەری.

ئاوات محەمەد قایمقامی سلێمانى کە سەرۆکی لیژنەى ئەمنی سلێمانییە ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، لەڕۆژانی جەژندا هێزە ئەمنییەکان ئامادەیی زیاتریان دەبێت لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و سەرقەبرانەکان و پۆلیس و هێزەکانی ئاسایش لەو شوێنانە سەر و ماڵی هاوڵاتیان دەپارێزن.

ئاماژەی بەوەشکرد، شوێنە گەشتیارییەکان بە تایبەت چاڤی لاند و  هەواری شار و پارک و شوێنەکانى تریش هێزی ئەمنی تایبەتی بۆ دابیندەکرێت.

وتیشی، لەگەڵ لیژنەى گەشتوگوزار هەماهەنگی تەواو دەکرێت بۆ ئاسانکاریکردن بۆ گەشتیاران و هەوڵدەدرێت سەرجەم چێشتخانە و نانەواخانەکان کراوەبن بۆ ئەوەى گەشتیاران پێداویستییەکانیان دابینبکەن.

قایمقامی سلێمانى ڕاشیگەیاند،  لە ڕۆژانى جەژندا مۆزەخانەى سلێمانى کراوە دەبێت و گەشتیاران دەتوانن ڕوو لە مۆزەخانەکە بکەن.


‌‌‌
6/11/2018 1:12:51 PM
Print Friendly and PDF