هەواڵ

یەکێتی هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند لەسەر بریارەکەی پەرلەمان


بزاڤ :



سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی ڕایگەیاند، حزبەکەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن و بژاردنەوەی دەستیی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ڕەتدەکاتەوە.

ئەمڕۆ هەر دوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە شاری هەولێر کوبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش سەعدی پیرە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی "چڕوپڕ"یان ئەنجامداوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێتی و پارتی پڕۆژەیەکی هاوبەشیان هەیە بۆ قسەکردن لەگەڵ لایەنەکانی تر سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دوایین بڕیارەکانی پەرلەمان لەوبارەیەوە.

وتیشی، "وەک یەکێتی بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ١٢ی ئایار ڕەتدەکەینەوە".

سەعدی ئەحمەد پیرە ڕاشیگەیاند، "بڕیارى پەرلەمانى عێراق بۆ هەژمارکردنەوەى دەنگەکان بە دەست نایاساییە و تانە لە بڕیارەکانى پەرلەمانى عێراق دەدەین".

هاوکات ڕاگەیاندنی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە بەیاننامەیەکدا داوایکرد، "دادگای دەستووری بەپەلە دادوەری خۆی لەسەر کۆی کێشە دەستووری و یاساییەکان و دەسەڵاتەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رابگەیەنێت و لایەنە سیاسییەکانیش ئارامتر مامەلە لەگەڵ رووداوەکان بکەن".

ئەوەشی خستەڕوو، یەکێتی چاوەڕوانە تا نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دۆستی عێراق، ھەوڵەکانیان بخەنەگەر بۆ یارمەتیدانی لایەنە سیاسیەکانی عێراق بۆ ئەوەی ڕێگەچارەیەکی دەستووری و یاسایی ڕاستەقینە بدۆزرێتەوە کە دوور بێت لە هەڵچوون و کاردانەوە.

جەختی لەوەش کردووەتەوە، لێکتێگەیشتنی هێز و لایەنەکانی کوردستان بە ئەرکی گرنگ دەزانێت بۆ ئەوەی بەشێک بن لە چارەسەر نەک کێشەکانی ناوخۆ قوڵ بکەنەوە و بکەونە ناو کێشمەکێشەکانەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و تیایدا هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەسەندکرد و بڕیاریدا بە ئەژمارکردنەوەی ١٠٠%ی دەنگەکانی هەڵبژاردن بە شێوەی دەستی.

دواتر جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، پێشوازی لە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات.


‌‌‌
6/7/2018 6:06:15 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ