هەواڵ

نوری مالیکی هەڵویستی خۆی گۆڕی لەسەر بڕیارەکەی پەرلەمان دەربڕی


بزاڤ :

نوری مالیکی جێگری سەرۆک کۆمار و سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئەمڕۆ پێنجشەممە، داوای لە هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەری کرد چارەسەری ئەو بابەتە بکەن کە پەیوەندی هەیە بە پاراستنی سەلامەتی هەڵبژاردنەکانەوە و تەنها ئەو سندوقانەی دەنگدان هەڵوەشێننەوە کە گومانی ساختەکارییان لەسەرە لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات.

مالیکی لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئەمڕۆ ڕایگەیاندبووە، ئەو لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی دەنگدان و هەڵبژاردنەکان نییە، چونکە ئەوە بە شێوەیەکی نەرێنی دەشکێتەوە بەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا، داواشی لە هەردوو دەسەڵاتی دادوەری و یاسادانان کردووە، تەنها دەنگی ناو ئەو سندوقانە پوچەڵبکەنەوە کە کێشە و تۆمەتی ساختەکارییان لەسەرە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات.

ڕوونیشکردووەتەوە، ئەو لەگەڵ بڕیاری پەرلەمانی عێراقدایە بۆ چارەسەرکردنی  کێشەی هەڵبژاردنەکان و پەنابردن بۆ ژماردنەوە و جیاکردنەوەی دەستی دەنگەکان و بەراوردکردنی فۆڕمی دەنگدانەکان لە سندوقەکانی دەنگدان لەگەڵ ئەو ئامێرانەی کە بەکارهێنران لە هەڵبژاردنەکاندا.

ئەو هەڵوێستە نوێیەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەکاتێکدایە، دوێنی چوار شەممە هاوپەیمانێتییەکە پشتیوانی خۆی دەربڕی بۆ بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق کە لە دانیشتنی دوێنێدا لەبارەی هەڵبژاردنەکانەوە دەریکرد.

لە کۆبوونەوەکەدا داوای پابەندبوونی تەواوی کردبوو بە بڕیارەکانی پەرلەمان و جەختکردنەوە لە چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ پاراستنی پرۆسەی بژاردنەوە و جیاکردنەوەی دەستی دەنگی هەڵبژاردنەکان، بۆئەوەی جارێکیتر پرۆسەکە کاری ساختەکاری تێدا ئەنجامنەدرێت.

دوێنێ پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و تیایدا هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەسەندکرد و بڕیاریدا بە ئەژمارکردنەوەی ١٠٠%ی دەنگەکانی هەڵبژاردن بە شێوەی دەستی.


‌‌‌
6/7/2018 6:02:58 PM
Print Friendly and PDF