هەواڵ

چۆن فه‌رمانبه‌ران سود له‌ موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانیان وه‌رده‌گرن؟


بزاڤـ: 

جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، بەو مەرجەی موچە ٣٠ رۆژ جارێک و بە بێ پاشەکەوت دابەشبکرێت، پڕۆژەیاسای چاکسازی لە خانەنشینی و موچە و دەرماڵەکان پەسەند دەکەن، ھاوکات ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، کە چەسپاندنی بڕگەی کردنەوەی ھەژمارێکی بانکی بۆ قەرزی موچە پاشەکەوتکراوەکان، بەڵگەیەکی یاساییە بۆ ئەوەی فەرمانبەر بتوانێت داوای مافی خۆی بکات.

لەمیانی بەرنامەی لەگەڵ رووداوەکانی رادیۆ نەوا، بەھار مەحمود، جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان دەربارەی راپۆرتی لیژنەکەیان و لیژنەی دارایی لەسەر پڕۆژەیاسایی چاکسازی لە خانەنشینی و موچە و دەرماڵەکان وتی: لە خاڵی کۆتایی پڕۆەیاساکەدا بڕگەیەەکیان جێگیر کردووە، کە تێیدا ھاتووە لەسەر حکومەت پێویستە بە جێبەجێ کردنی ئەم پڕۆژەیاسایە، ٣٠ رۆژ جارێک موچە دابەشبکات و پاشەکەوتی موچەش ھەڵبوەشێنێتەوە".

رونیشیکردەوە، جێگیرکردنی ئەو بڕگەیە لە کۆتا خاڵدا وەک ئەوە وایە کە دابەشکردنی موچە و ھەڵگرتنی پاشەکەوتیان کردبێتە مەرج بۆ دەنگدان بەو پڕۆژەیاسایە.
سەبارەت بە دانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکانیش، بەھار مەحمود وتی: بەپێی پڕۆژەیاساکە، دەبێت حکومەت ھەژمارێکی بانکی بۆ فەرمانبەران بکاتەوە، تا ئەو کاتەشی کە حکومەت دەتوانێت پارە بکاتە ناو ئەو ھەژمارەوە، فەرمانبەران دەتوانن لە رێگەی موچە پاشەکەوتکراوەکانیان قەرزی ئاو و کارەبا و پێشینەی خانوبەرە بدەنەوە".

جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان ھێمای بۆ ئەوەشکرد، کاتێک ھەژماری بانکی بۆ فەرمانبەران دەکرێتەوە، مافێکیان پێدەبەخشرێت، بەوەی دەتوانن وەک بەڵگەی یاسایی سودی لێوەربگرن و داوای مافەکەی خۆیان بکەن، بەوەی ھەژماریان بۆ کراوەتەوە و قەرزەکەیان تێنەچووە.


‌‌‌
6/6/2018 12:46:22 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ