هەواڵ

ئەنجومەنی دادوەریی عێراق: دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنمان نییە


بزاڤ :


ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق روونكردنەوە لەسەر ئەژماركردنەوەی دەنگەكانی هەڵبژاردن بەدەست، دەداتەوەو رایدەگەیەنێت، یاسا كارپێكراوەكان رێگە بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن و ئەژماركردنەوەی دەنگەكان بە دەست، نادات.

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق، لە راگەیاندراوێكدا، باسی لەوەكردووە: بەگوێرەی مادەی 5 لە یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، ژمارە 11ی ساڵی 2011، رێگە بە بەشداربووانی پرۆسەی هەڵبژاردن دەدات تانە لە ئەنجامی هەڵبژاردن، ئاراستەی ئەنجومەنی كۆمسیرارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بكەن، ئەوانیش بەگوێرەی بەڵگەكانی بەردەستیان، بڕیاری لێدەدەن.

ئەوەش روونكرداوەتەوە، ئەگەر سكاڵاكار بەو بڕیارە رازی نەبوو كە لەلایەن ئەنجومەنی كۆمسیارانەوە دراوە، دەتوانێت لەبەردەم دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن تانە بگرێت و دەستەكەش لەماوەی 10 رۆژدا لەتانەكە دەكۆڵێتەوە.

هەر لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە" هیچ دەقێك لە یاساكەدا نییە كە دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە، لەناوخۆو دەرەوەی وڵات، بە دەستەی دادوەری هەڵبژاردن بدات، وەك هەندێ لایەن داوای دەكەن، هەروەها لە یاساكەدا هیچ دەسەڵاتێكیشی بەو دەستەیە نەداوە كە داوا لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بكات بەشێك لە ئەنجامی دەنگدان دووبارە بكاتەوە.

 ئەنجومەنی باڵای دادوەریی، ئەوەشی روونكردۆتەوە كە بەگوێرەی یاسای هەمواركراوی هەڵبژاردن، ژمارە 45ی ساڵی 2003، بەدەق هاتووە كە پرۆسەی ژماردن و جیاكردنەوەی دەنگەكان بەبەكارهێنانی ئامێری خێراكردنی ئەنجامی ئەلیكترۆنی دەبێت، بەوپێیەش ناتوانرێت پرۆسەی جیاكردنەوەو ژماردن بە دەست ئەنجام بدرێت.


‌‌‌
6/5/2018 4:55:00 PM
Print Friendly and PDF