هەواڵ

پێویسته‌ تۆماری ده‌نگدانی تایبه‌ت بۆ كۆتاكان دروست بكرێت


بزاڤ :


سه‌رۆكی رێكخراوێكی تایبه‌تمه‌ند به‌ بواری هه‌ڵبژاردن پێشنیاز ده‌كات له‌ پێنج خاڵدا یاسای هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستان گۆڕاكاری تێدا بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی داهاتووی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ شێوه‌یه‌كی پاك و بێگه‌رد به‌ڕێوه‌بچێت، پێشنیازه‌كانیش پرسی چۆنێتی ده‌نگدانی كۆتاكان، هه‌مواركردنه‌وه‌ی پرسی بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن و شه‌فافیه‌تیان تێدایه‌.

هۆگر چه‌تۆ سه‌رۆكی تۆڕی شه‌مس بۆ چاودێری هه‌ڵبژاردن له‌ میانی به‌رنامه‌ی "له‌گه‌ڵ رووداوه‌كان"ی رادیۆ نه‌وا وتی: پێویسته‌ له‌ پێنج خاڵدا هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستان بكرێت له‌وانه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كۆمسیۆن پێكهاته‌یه‌كی حزبی هه‌یه‌ و به‌م نزیكانه‌ ناتوانرێت ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیه‌ی كاڵ بكرێته‌وه‌، ده‌توانرێت ده‌سه‌ڵاتی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ سكاڵاكانی لێبسه‌نرێته‌وه‌، چوونكه‌ ناكرێت كۆمسیۆن وه‌ك لایه‌نێكی جێبه‌جێكار پێداچوونه‌وه‌ به‌و سكاڵایانه‌ش بكات كه‌ له‌سه‌ر خۆی به‌رزكراونه‌ته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێت له‌ هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردندا ده‌سته‌یه‌كی دادوه‌ری جێگری دیاری بكرێت بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ سكاڵاكانی هه‌ڵبژاردن.

وتیشی:" دووه‌م خاڵ، بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسی كۆتاكان، تۆماری ده‌نگدانی تایبه‌تیان بۆ دروست بكرێت، به‌ جۆرێك كه‌ ته‌نها ده‌نگده‌ری مه‌سیحی ده‌نگ به‌ كاندیدی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ بدات، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هێزه‌ گه‌وره‌كان سود له‌ كورسی كۆتا وه‌رنه‌گرن.

هۆگر چه‌تۆ باسی له‌وه‌شكرد، پرسێكی تر كه‌ پێویستی به‌ هه‌موار  هه‌یه‌ بریتیه‌ له‌ بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن، ئه‌وه‌ش به‌مه‌به‌ستی زیاتر نزیكبوونه‌وه‌ له‌ ده‌نگده‌ر، بۆ نمونه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌وه‌ بكرێت كه‌ ئایا له‌ هه‌رێمیش ده‌توانرێت هاوشێوه‌ی ئه‌ڵمانیا 50% نوێنه‌ران له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم بن و 50% كه‌ی تر له‌سه‌ر ئاستی بازنه‌ی پارێزگاكان؟
سه‌رۆكی تۆڕی شه‌مس بۆ چاودێری هه‌ڵبژاردنه‌كان سه‌باره‌ت به‌و دوو خاڵه‌ی تر كه‌ پێویسته‌ له‌ كاتی هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمدا ره‌چاو بكرێن، وتی:" به‌ یاسا سه‌رجه‌م رێكاره‌كان بچه‌سپێنرێن بۆ رێگری كردن له‌ ساخته‌كاری له‌وانه‌، راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كان سنوردار بكرێت و هیچ ده‌رفه‌تێك بۆ درێژكردنه‌وه‌ و لابردن نه‌هێڵرێته‌وه‌ و بابه‌ته‌كانی وه‌ك ناوه‌نده‌كانی ده‌نگدان و تۆماری ده‌نگده‌رانیش كه‌ بۆ كۆمسیۆن جێهێڵراوه‌، به‌ یاسا رێكبخرێن.

هۆگر چه‌تۆ، چه‌سپاندنی شه‌فافیه‌ت له‌ كاره‌كانی كۆمسیۆن و چاودێری كردنی وردی هه‌نگاوه‌كانی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌شی له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌، به‌ خاڵێكی تری گرنگ ناوبرد، كه‌ پێویسته‌ رێكاره‌كانی له‌ كاتی هه‌مواركردنی یاسای هه‌ڵبژاردن جێگیربكرێت، له‌وانه‌ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی په‌رله‌مانی بۆ چاودێریكردنی كاره‌كانی كۆمسیۆن بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن.

‌‌‌
6/5/2018 3:14:09 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ