هەواڵ

وه‌فدێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی و كۆنسوڵی ئێران سه‌ردانی سه‌رده‌شت ده‌كه‌ن


بزاڤ :


بڕیاره‌ شاندێكی هاوبه‌شی كونسوڵخانه‌ی ئێران له‌ سلێمانی و ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی سه‌ردانی به‌نداوی سه‌رده‌شتی ئێران بكه‌ن بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گرتنه‌وه‌ی ئاوی زێی بچوك و سه‌ركونسوڵی ئه‌و وڵاته‌ش دڵنیایی به‌ هاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی ده‌دات كه‌ پێشێلی پشكی ئاوی هه‌رێم ناكه‌ن.

ئه‌مڕۆ  وه‌فدێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی سه‌ردانی كونسوڵخانه‌ی ئێرانیان له‌شاری سلێمانی كردو دواتر سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن و سه‌ركونسوڵی ئه‌و وڵاته‌ له‌باره‌ی پرسی گرتنه‌وه‌ی ئاوی زێی بچوك پرێس كۆنفرانسێكیان ئه‌نجامدا.

ئازاد محه‌مه‌د سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی وتی"بڕیاماندا تیمێكی هاوبه‌ش له‌نوێنه‌رایه‌تی ئه‌نجومه‌نی ناوچه‌ی راپه‌رین و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاو كونسوڵی ئێران سه‌ردانی شاری قه‌ڵادزێ و به‌نداوی سه‌رده‌شت له‌دیوی ئێران بكه‌ین، به‌مه‌به‌ستی لێكۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچوون بۆ پرسی گرتنه‌وه‌ی ئاوی زێی بچوك.

لای خۆشیه‌وه‌، سه‌عدوڵڵا مه‌سعودیان سه‌ركونسوڵی ئێران له‌ سلێمانی، دڵنیایی به‌دانیشتووانی سنووری پارێزگای سلێمانی دا و وتی"به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئێران پێشێلی پشكی ئاوی هه‌رێمی كوردستان ناكات.
راشیگه‌یاند، له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق رێكه‌وتنیان له‌باری پرسی ئاوه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و ئاوه‌ی كه‌ ده‌ڕژێته‌ ناو رووباری سیروان و زێی بچووك به‌شێك نین له‌و رێكه‌وتنه‌و چه‌ندین جاریش داوایان له‌حكومه‌تی عیراق كردوه‌ كه‌ كۆمسیۆنێك بۆ ئاوی ئه‌و رووبارانه‌ پێكبهێنێت، به‌ڵام پشتگوێی خستوه‌.

سه‌ركونسوڵی ئێران له‌ سلێمانی وتیشی:"به‌نداوی سه‌رده‌شت كه‌ ئاوی زێی بچووكی لێ ده‌ڕژێته‌ ناو هه‌رێمی كوردستان، بۆ مه‌به‌ستی كشتوكاڵكردن نییه‌، به‌ڵكو بۆ به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی كاره‌بایه‌، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری به‌نداوه‌كه‌ قسه‌م كردوه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ به‌ردانه‌وه‌ی ئاوی زێی بچوك به‌ڕێوه‌یه‌.

‌‌‌
6/4/2018 4:19:52 PM
Print Friendly and PDF