هەواڵ

داوا ده‌كرێت ئه‌نجومه‌نى كۆمسیاران ره‌وانه‌ى دادگا بكرێن


بزاڤـ: 

عادل نورى سه‌رۆكى لیژنه‌ى به‌دواداچوونى راستیه‌كان له‌ په‌رله‌مانی عیراق داوا ده‌كات ئه‌نجومه‌نى كۆمسیاران له‌كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان لاببرێن و ره‌وانه‌ى دادگا بكرێن، چونكه‌ پارێزه‌رى ده‌نگى هاووڵاتیان نین.

عادل نورى به‌ ماڵپه‌ڕى سۆمه‌ریه‌نیوزى وتووه‌: "كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كان چه‌ندین یاساى پێشێلكردووه‌، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى لایه‌نه‌كان ئه‌نجامه‌كانیان په‌سه‌ند نه‌كردووه‌ دێت بڵاویده‌كاته‌وه‌، بۆ نموونه‌ له‌پارێزگاى به‌سره‌ رێژه‌ى ره‌زامه‌ندى 00% بووه‌، كه‌چى ئه‌نجامه‌كانى بڵاوكردۆته‌وه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، له‌لایه‌كى تره‌وه‌ كۆمسیۆن ته‌ئكید ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌نجامه‌كان 100%  پارێزراون و هیچ پێشێلكاریه‌ك نه‌كراوه‌، به‌ڵام دواتر دێت ئه‌نجامى یه‌ك هه‌زار و 28 وێستگه‌ى ده‌نگدان و 50%ی ده‌نگه‌كانى ئه‌رده‌ن هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌، چۆن هه‌ڵبژاردنێك پاكه‌و پارێزراوه‌ له‌كاتێكدا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى وا گه‌وره‌ى تێدایه‌، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش هه‌موو ئه‌و وێستگانه‌ى هه‌ڵوه‌شاونه‌ته‌وه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى سكاڵاكان بوون".

عادل نورى ته‌ئكیدیش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كۆمسیۆن شه‌قامى هه‌ڵخڵه‌تاندوه‌ و هاوكارى په‌رله‌مانى نه‌كرد، بۆیه‌ له‌سه‌ر دادگا و حكومه‌ت و په‌رله‌مان پێویسته‌ كه‌ ده‌ستى ئه‌نجومه‌نى كۆمسیاران له‌كۆمسیۆن بكه‌نه‌وه‌و ره‌وانه‌ى دادگایان بكه‌ن بۆ لێكۆڵینه‌وه‌، به‌هۆى ئه‌و ساخته‌كاریه‌ى ئه‌نجام دراوه‌، چونكه‌ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ پارێزه‌رى ده‌نگى هاووڵاتیان نییه‌و متمانه‌یان نه‌ماوه‌. 


‌‌‌
6/3/2018 11:49:15 AM
Print Friendly and PDF