وەرزش

پێرێز دوو ڕێگای لە بەردەمدایە



پێرێـز دوو ڕێـگای لەبەردەمە .

سـەردار جـەبــار  / ڕۆژنامەنووس و شیکەرەوەی وەرزشی 

دەست لەکارکێشانەوەی زەینەدین زیدانی فەڕەنسی و ڕاهێنەری یانەی ڕیال مەدریدی ئیسپانی باسی و خواسی گەرمی شەقامی وەرزشییە ، ئەو بڕیارە چاوەڕواننەکراوە دڵەڕاوکێ و کێشمە کێشمی زۆری لەنێو هەوادارنی یانەکە و پسپۆڕانی وەرزشی دروستکرد هەتا بووە هۆی شۆکبوونی فلەنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانە ئیسپانیەکەش ، بەو پێیەی زیدان سێ ساڵی پڕ لەدەسکەوتی لەگەڵ ئەو یانەی پێشتر بڕیاری وازهێنانی لەسەر لاکێشەی سەوزدا بەڕێکردووە ، زیزۆ نۆ جار ڕیال مەدریدی بردە سەر سەکۆی بەرزکردنەوەی ناسناو کە سێجار لەسەر یەک جامە دوو گوێچکەیەکەی چامپیۆنز لیگ بوو ناسناوێکی لالیگا و دوو جار سووپەری ئەورووپی و دووجامی جیهانی یانەکان و جامێکی سوپەری ئیسپانی بەسەر پشتی بارسێلۆنەی ڕکابەرە هەمیشەییەکەی .
سەرەتا باسی داهاتووی زیدان دەکەین ، ئەو ڕاهێنەرە گەنجە دوای مێرێنگێ دیارنییه ئاخۆ ڕوودەکاتە کوێ چوون دەبێ ئەوە بزانێت بچێتە هەر شوێنێک زەحمەتە بتوانێت هەمان سیناریۆی مەدرید دووبارە بکاتەوە بەڵام واپێدەچێت چاوی لەشوێنەکەی دیشامپی هاونیشتیمانی بێت بۆنا ؟ 
فڕانس خاوەن پێکهاتەیەکی تۆکمە و گەنجە ئەوەی هەوادارانی کەڵەشێرەکانی دوودڵ کردووە خراپی مامەڵەی ڕاهێنەری ئێستەی هەڵبژاردەکەیە بەو پێیەی ئەنجامەکانی لەئاست تۆکمەیی و بەهێزی پێکهاتەکەی نییە ،لەئەگەری بەدەست نەهێنانی جامی جیهانی بۆ فەڕەنسا ،ئەوا لەدوای کۆتایی هاتنی  مۆندیالی ڕووسیا بەرپرسانی تۆپی پێی ئەو ووڵاتە بیر لە گۆڕینی ڕاهێنەری هەڵبژاردەکە دەکەنەوە پێشهاتەکانیش وادەریدەخەن زیزۆ بەهێزترین پاڵێوراوە بۆ شوێنی دیدێی .
دوای وەغەری ڕاهێنەرە فەڕەنسیەکە کێ دەبێتە ڕاهێنەری مێرێنگێ ؟ 
ئەوە بەربڵاوترین پرسیاری شەقامی وەرزشییە ئاخۆ پێرێز دوای زیدان پۆستی ڕاهێنەری یانەکەی بەکێ دەبەخشێت ، سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکانی ئەوروپا ناوی چەند ڕاهێنەرێکیان ئاشکرا کردووە کە بۆ شوێنگرەوەی زەینەدین دەستنیشانکراون ، ئالێردا پێرێز دوو ڕێگای لەبەردەمە بۆ دەستنیشانکردنی ڕاهێنەرێکی شیـاو ، گومان لەوەشدا نییە هەر ڕاهێنەرێک بێتە شوێنی زیزۆ گۆڕانکاری ئەنجامدەدات ،بەڵام ئەو ڕاهێنەرانەی دەست نیشانکراون دووبەشن بەشێکیان گۆڕانکاری کەم دەکەن و بەشەکەی تر گۆڕانکاری گەورە .
۱ـ ئەگەر پێرێز بیەوێت گۆڕانکاری گەورە لە یانەکەدا بکات وەکو ئەوەی شەپۆڵێک یاریزان باڵگرن و وەغەر بکەن ، شەپۆڵێکی تر بنیشنەوە ،لەگەڵیشیدا دەبێ دەرگای خەزێنەی پارەکانی یانەکە بکاتەوە ،لەمێرکاتۆی هاوینەدا ماندووترین کەس بێت ، ئەگەرەکان بەهێزدەبن بۆ هاتنی یەکێک لە ماوریسیۆ  پۆچیتینۆی ئارجێنتینی و ڕاهێنەری تۆتنهام هۆتسپێر یاخود گووتی یاریزانی پێشووی یانەکە و ڕاهێنەری تیپی کاستیا  یان یۆرگن کڵۆپی ئەڵمانی و ڕاهێنەری لێڤەرپووڵی ئینگلیزی .
ئەوانە فەلسەفەی کارکردنیان لەگەڵ زیدان زۆر جیاوازە بێ شک بەهاتنی یەکێک لەم سێ ڕاهێنەرە پێرێز تووشی قوورسایی زۆر دەبێت تا تەواوبوونی مێرکاتۆ دەبێت خەریکی هێنانی ئەو و فرۆشتنی ئەم بێت ، جگە لەوەش گرنگترین خاڵ کە لەهەر دەمێکدا دەبێتە خاڵێکی لاواز وەک چۆن پێشتر بە ڕافا بێنیتێزکرا ، ڕیال مەدرید خاوەن کۆمەڵێک ئەستێرەی دەمارگیر و لەخۆباییە وەکو ڕامۆس و ڕۆناڵدۆ و بەیڵ و ...هتد کە دەبێت ڕاهێنەرێکی کەسایەتی بەرز و مێژوو گەورە بێت سەرمەشقیان بێت ، ڕاهێنەرێک خاڵی لاوازی ئەستێرەکانی لۆس بلانکۆس بەچاکی شارەزابێت تاوەکو تووشی گرفت نەبێتەوە ، پێم وابێ هیچ کام لەو سێ ڕاهێنەرە ئەو سیفاتەیان تێدا نییە ئەگەریش یەکێک لەم سیانە ببێتە ڕاهێنەر سەیرکەن چەند ئەستێرەیەک یانەکە جێدێڵن .

۲ـ دانانی ڕاهێنەرێک کەمترین گۆڕانکاری لە پێکهاتەی یانەکە بکات ، هەڵە نەبم ئەم ڕێگایە بۆ پێرێز ئاسانترین بژاردەیە چوون پێرێز نایەوێت  پارەی زۆر خەرجکات هەروەها مەرجە ڕاهێنەرێک بێت بەڕادەیەکی زۆر لەگەڵ شێوازی مامەڵەی زیدان هاوتەریب بێت ، لەو ڕاهێنەرانەی ناویان هاتووە یواکیم ڵۆڤی ڕاهێنەری مانشافت و ئارسن ڤینگەری ڕاهێنەری ئارسناڵ هەم لەڕووی مامەڵە هەم لەئەنجامدانی گۆڕانکاری کەم بەدڵی پێرێزن ، ئەو دوو ڕاهێنەرە کەمدوێن و کەللـە ڕەقن و کەسایەتی بەرزیان هەیە و مێژووشیان پڕشنگدارە لەهەموو نایابتر لەگەڵ هاتنیان بۆ مەدرید چەند گۆڕانکارییەکی کەم لەپێکهاتەی یانەکە دەکەن، نموونە زۆرە سەرنجێک لەسەر ڵۆڤ بینیمان لەجامی کیشوەرەکان بەچ پێکهاتەیەک جامەکەی بردەوە ئەڵمانیا ،ئەم مامەڵەیە لەزیدان نزیکە وەک چۆن ڕاهێنەرە فەڕەنسیەکەش  شێوازی کارکردنی سەرتاپای لۆس بلانکۆسی گۆڕی ڤازکێز و ئیسکۆ  و ئاسینسیۆ و ناچۆ و .....هتد  چەکی بەهێزی ئەو بوون لەکاتێکدا بەپارەی کەم پەیوەندیان بەیانەی ڕیال مەدریدەوە کردبوو ، ئەمە لەڤینگەریشدا بەدیدەکرێت بگەڕێنەوە ڕابردوو وەرز نەبووە ڤینگەر یاریزانێکی ونبوو نەکات بە ئەستێرە و بەپارەیەکی خەیاڵی نەیفرۆشێت ، بۆ بەرچاو ڕوونیتان ئارسناڵ تیپێکی وەک ئێستە نەبوو لەژێر سەرپەرشتی ڤینگەر گەورە بوو .


‌‌‌
6/1/2018 8:54:44 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ