هەواڵ

کۆمەڵ و گۆڕان و ھەوپەیمانی: بێدەنگ نابین لە دەنگە دزراوەکانمان


بزاڤـ: 

بۆ بەدواداچونی دەنگەکانیان،نوێنەری کۆمەڵی ئیسلامی و گۆڕان و ھاوپەیمانی لە بەغدان و بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ لەگەڵ un کۆبونەتەوە.

ئەمڕۆ سێ شەممە ١٥/٥/٢٠١٨ زانا رۆستایی،ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق،لەگەڵ کاوە محەمەد و ئەمین بەکر ئەندامانی فراکسیۆنی گۆڕان و نوێنەری ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لەشاری بەغداد بەشداریان کرد لەکۆبونەوەیەک لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان و نوێنەری دەسەڵاتی دادوەری و نوێنەری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و نوێنەری حیزبە عێراقییەکان سەبارەت بە دەرەنجامەکانی ھەڵبژاردن.

زانا رۆستایی،ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: وەکو نوێنەری کۆمەڵ و گۆڕان و ھاوپەیمانی لە کۆبونەوەکەدا بەبەڵگەوە تیشکمان خستەسەر ئەم خروقاتانەی کە لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ھەرێمی کوردستان رویانداوە،ھەروەھا رامانگەیاند ئەو ئەنجامانەی کەبڵاوکراونەتەوە بیروڕای راستەقینەی خەڵکی کوردستان نین و داواشمان لە کۆمسیۆن کرد کە بێلایەنی خۆی بسەلمێنێت".

رۆستایی راشیگەیاند:داوشمان کردوە ژمارەیەک لە سندوقەکانی پارێزگاکانی(ھەولێر،سلێمانی،دھۆک،موسڵ)بەدەست ژماردنیان بۆ بکرێتەوەو بەراوردبکرێن لەگەڵ ئەنجامە ئەلیکترۆنییەکان بۆ ئەوەی راستی و ناڕاستی دەنگدانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەربکەوێت".

نوێنەرەکەی کۆمەڵی ئیسلامی دەشڵێت،لێرەوە بەھەموو خەڵکی کوردستان رایدەگەێنین کە بێدەنگ نابین لە دەنگە دزراوەکانیان و بەدواداچوونی بەردەوام دەکەین بۆ دەنگەکانیان و سکاڵاش لەلای کۆمسیۆن لەسەر ژمارەیەکی زۆر لەسندوقەکان تۆمارکراوە،ھەروەھا ئێمە بەردەوام دەبین لەھەوڵە ئیعلامی و دبلۆماسییەکانمان بۆ فشار خستنەسەر لایەنی بەرپرس بۆ گێڕانەوەی دەنگی دەنگدەرانی ھەرێمی کوردستان.


‌‌‌
5/15/2018 8:26:28 PM
Print Friendly and PDF