هەواڵ

سەنتەری میترۆ: لە ڕۆژی هەڵبژاردندا ٤٥ پێشێلکاری دژ بە ڕۆژنامەنوسان کراوە




بزاڤ :

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی ڕۆژنامەنوسان ئاشکرای دەکات، لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان ٤٥ پێشێلكاری بەرامبەر ٣١ ڕۆژنامەنوس و كەناڵی راگەیاندن کراوە و کەناڵی ئێن ئاڕ تییش دیارترین ئەو دەزگایانەیە کە پێشلکاری بەرامبەر کراوە .

 لە ڕاگەیاندراوێکدا سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان ئاماژە بە ئەوە دەکات، لەكاتی چاودێریكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە هەندێك بنكەی دەنگدان رێگری كراوە لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن روماڵبكەن، هەرچەندە ئەو بنكانە لە لایەن كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە دەستنیشانكرابوون بۆ رۆژنامەنوسان تا روماڵی تێدا بكرێت.

ڕاگەیاندراوەکە ئەوەش ئاشکرا دەکات، لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان (٢١) سكاڵا لە سەنتەری میترۆ تۆماركراوە كە ٤٥ پێشێلكاریە بەرامبەر ٣١ رۆژنامەنوس و كەناڵی راگەیاندن کراوە.

ڕاگەیاندراوەکە ئەوەش دەخاتەڕوو، پێشلکاریەکان توندوتیژی جەستەی و تەقەكردن لە بارەگا و رێگری لە کەناڵەکانی (ئێن ئاڕ تی، كوردستان تیڤی، خەندان، رۆژنیوز، تەلەفزیۆنی سلێمانی، كوردستان ٢٤، سایتی سبەی) تێدایە.

لە بەشێکی تری ڕاگەیاندراوەکە میترۆ بە توندی ئیدانەی ئەو هێرش و پەلامارانە دەکات رواڵەتەكانی توندوتیژی لەناو پرۆسەی دەنگدانی گشتی و تایبەتدا دوبارەبونەوەی هەمان رەفتاری نادیموكراتی و ناشارستانی ئەو هێزانەن كە لە ساڵانی رابردوو هەوڵی بەرتەسكردنەی ئازادی رۆژنامەنوسی و رادەبڕین دەدەن.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، لە ناوەراستی ئابی ساڵی ٢٠٠٩ لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس ‌و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە و پاڵپشتی كراوە.


‌‌‌
5/14/2018 8:44:32 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ