هەواڵ

قائیمقامیەتی سلێمانی: بۆ بەدواداچوون بۆ ڕێنماییەکان لە مانگی ڕەمەزاندا لێژنەیەک پێکدەهێنرێت



بزاڤ : 

قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، بۆ بەدواداچوون بۆ ڕێنماییەکان و جێبەجێکردنیان لە مانگی ڕەمەزاندا، لێژنەیەک پێکدەهێنرێت
.

ئاوات محەممەد قائیمقامی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو و بەفەرمانی قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی لێژنەیەک لە نوێنەری گەشتوگوزار و پۆلیس و قائیمقامیەتی سلێمانی پێکدەهێنرێت، بەمەبەستی بەدواداچوون و گرتنەبەری ئەو ڕێوشوێنانەی کە پێویستە لە مانگی ڕەمەزاندا جێبەجێ بکرێن".

ئاماژە بەوەش کرد، فەرمانگەکانی کارەبا و ئاو و گەشتوگوزار و شارەوانی سلێمانی بەرنامەی و پلانی خۆیان هەیە بۆ مانگی ڕەمەزان.

ئەوەشی خستەڕوو، هەر کەس و لایەنێک بیهەوێت نرخی شتومەک و کاڵاکان لە مانگی ڕەمەزاندا بەرز بکاتەوە، ئیجرائاتی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت.

پێشتریش قائیمقامیەتی هەولێر ڕایگەیاندبوو لێژنەیەکی بۆ ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک لە مانگی ڕەمەزاندا پێکدەهێنێت.

لەگەڵ نزیکبوونەوەى مانگى ڕەمەزاندا، هاوڵاتیان ترسیان لەوە هەیە نرخی کاڵاکان بە تایبەت ئەو خواردنانەی كە لەم مانگەدا زیاتر بەكاردەهێندرێن، روو لەبەرزبوونەوە بکات.




‌‌‌
5/14/2018 12:59:29 PM
Print Friendly and PDF