١٤ ئامێری دەنگدان لە باشوری کەرکوک پەکیان کەوتووە
بزاڤ :
ڕاکان جبوری پارێزگاری کەرکوک ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاشکرایکرد، ١٤ ئامێری ئەلکترۆنی تایبەت بە دەنگدان لە ناوچەکانی باشوری کەرکوک لە کارکەوتوون و لەو شوێنانە کێشراونەتەوە و ئەو کێشەیەشی بە پێشینەیەکی مەترسیدار ناوبرد.
جبوری لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ١٤ ئامێری ئەلکترۆنی تایبەت بە دەنگدان بەهۆی لە کارکەوتنیان، لە بنکەکانی دەنگدان لە قەزای داقوق و ڕەشادی باشوری کەرکوک کێشراونەتەوە بۆ نوسینگەی کەرکوک.
ئاماژەی بەوەشکرد، کارمەندی پسپۆڕ رەوانەکراوە بۆ چاککردنەوەیان، بەڵام ئەو حاڵەتە پێشینەیەکی مەترسیدارە و بەهۆیەوە لە ٤ بنکەی کەرتی رەشاد دەنگیدانی تایبەت ڕاگیراوە.
ئەوە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان و عێراق، دەنگدانی تایبەت بۆ هێزە چەکدارەکان دەستی پێکرد و ڕۆژی شەممەش دەنگدانی گشتی دەبێت بۆ پەرلەمانی داهاتووی عێراق.
|