هەواڵ

کۆمسیۆن: لە هەولێر هەڵبژاردنی تایبەت بێ کەموکورتی بەڕێوەدەچێت


بزاڤ :


بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، هەڵبژاردنی تایبەت ئێستا لە سنوری پارێزگای هەولێر بێ کەموکورتی بەڕێوەدەچێت و سەرجەم گیروگرفتەکان چارەسەرکراون.

عەلی قادر بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە سەرەتادا بەهۆی خێرانەبوونی کارمەندانی کۆمسیۆن دەنگدانی تایبەت لە هەولێر توشی گرفت بوو، بەڵام دواتر تیمێکی کارایان ڕەوانەی سەرجەم بنکەکانی دەنگدان کردووە و لە ئێستا پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بە سەرکەوتوویی بەڕێوەدەچێت.

ئەوەشی ڕاگەیاند، هەر دەنگدەرێک مۆبایلی زیرەک یان هەر ئامێرێکی تر بۆ وێنەگرتن لەگەڵ خۆیدا بباتە ژوورەوە قەدەغەیە و بە سەرپێچی هەژماردەکرێت.

بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری کومسیۆن هۆکاری قەرەباڵغییەکەی گەڕاندەوە بۆئەوەی هەموو دەنگدەرە تایبەتەکان ویستویانە سەرلەبەیانی دەنگبدەن و بەهۆی ئەو حاڵەتەوە توشی گرفت بوونەتەوە.

بە دەنگدەرانی تایبەتیشی ڕاگەیاندووە، دەنگدان هەتا کاتژمێر شەشی سەرلەئێوارەیە و  کات بەشی هەموو دەنگدەران دەکات.

هاوکات بە گوێرەی زانیاریەکانی ئێن ئاڕ تی هەتا کاتژمێر  (١٢:٣٠) خولەک رێژەی دەنگدانی تایبەت لە سنوری پارێزگای هەولێر  نزیکەی ٤٠% بووە.

ئەمڕۆ کاتژمێر حەوتی بەیانی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە شارەکانی هەرێم دەستیپێکرد و وا بڕیارە هەتا کاتژمێر شەشی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانی عێراقشی  ڕایگەیاند، لە پارێزگاى هەولێر ٤٥ بنکەى دەنگدانى تایبەت کراونەتەوە و ٩١ هەزار و ٣٢١ دەنگدەر مافى دەنگدانیان هەیە.

لە هه‌ڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ٨٨  حزب و هاوپەیمانی بەشدارن، شەش هەزار و ٩٠٤ کاندید کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی دەکەن، ٢٤ملیۆن کەسیش مافی دەنگدانیان هەیە، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش  ٥٢ هەزار بنکەی دەنگدان لە سەرتاسەری عیراق دادەنرێن


‌‌‌
5/10/2018 3:13:40 PM
Print Friendly and PDF