هەواڵ

ڕوسیا: هەموارکردنەوەى ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران داهاتوویەکی خراپی دەبێت




بزاڤ :

کۆشکی کرملین ڕایگەیاند، هەموارکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران داهاتوویەکی خراپی لە ناوچەکە و جیهانیش دەبێت.


کۆشکی سەرۆکایەتى ڕووسیا کرملن ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە،هەر هەموارکردنەوە و دەستکارییەکی بەندەکانى ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران لەلایەن وڵاتانى ڕۆژئاوا و ئەمریکاوە، داهاتوویەکی خراپی لە ناوچەکە و جیهانیش دەبێت.


ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تویتێکیدا وتی، سبەی هەڵوێستی خۆی لە بارەی ڕێکەوتنی ئەتۆمی لە نێوان وڵاتانی زلهێز و ئێران ڕادەگەیەنێت.


پێشتر ترەمپ ١٢ی ئەم مانگەی دیاریکردبوو بۆ ڕاگەیاندنی هەڵوێستی خۆی لەو بارەیەوە.


بەوتەی ترەمپ، لە کاتژمێر دووی پاش نیوەڕۆ بە کاتی ئەمریکا (٩ ی شەو بە کاتی عێراق) هەڵوێستەکەی ڕادەگەیەنێت.


لەلایەکی ترەوە، هەردوو وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و فەڕەنسا پشتیوانی وڵاتەکانیان بۆ مانەوەی ڕێککەوتنەکە دووپاتکردەوە و وتیان، بە هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنەکە، سەقامگیری و ئاسایشی جیهان لاواز دەبێت.


 هەروەها وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاند، کشانەوە لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران لەم کاتەدا هەڵەیە و چەند خاڵێکی تێدایە کە دەتوانرێت چارەسەر بکرێن و وتیشی ، ئەگەر ڕێککەوتنە ناوەکییەکە نەمێنێت و ئێران چەکی ناوەکی دەستکەوت ئەوا لەوانەیە پێشبڕکێی خۆپڕچەککردن ڕووبدات لە ناوچەکەدا.


هەفتەی ڕابردوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆمەڵێک بەڵگەی خستەڕوو، کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد بەڵگەن لەسەر بەردەوامیدانی ئێران بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی لە بواری سەبازیدا، ئێرانیش ئەوەی بە بەگاڵتەجاری ناوبرد و هۆشداریشیدا لە هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکە.



‌‌‌
5/8/2018 1:18:27 PM
Print Friendly and PDF