هەواڵ

هاتوچۆی سلێمانی ئاگادارییەکی بۆ دوکاندار و خاوەن مۆڵ و پێشانگاکان بڵاوکردەوە



بزاڤ :

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ڕایگەیاند، هەر دوکاندار و خاوەن مۆڵ و پێشانگایەک قۆرخی شەقامەکان بکات ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەکرێتەوە
.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ قایمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکان ئاگاداری سەرجەم دوکاندار و خاوەن مۆڵ و پێشانگاکان دەکەینەوە قۆرخی شەقامەکان نەکەن.

هاتوچۆی سلێمانی ئاماژە بەوەش دەکات، قۆرخکردنی شەقامەکان بە دانانی قوچەکی هاتووچۆیی یاخود بە هەر کەرەستەیەکی دیکە لەسەر شەقامی بەردەم شوێنی کارەکانیاندا یاخود شۆستەکان و تایبەتکردنی شوێنەکە بۆ وەستانی تایبەت بە خۆیان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەم هەنگاوە بەمەبەستی ڕێکخستنی ڕەوشی هاتووچۆ و نەهێشتنی قەرەباڵغییە لەسەر شەقامەکان و لەلایەن بەشی زیادەڕەوی شارەوانییەکانی سلێمانی چاودێری دەکرێت و لایەنی سەرپێچیکار ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەکرێتەوە.



‌‌‌
5/7/2018 4:16:54 PM
Print Friendly and PDF