هەواڵ

موسڵ..کاندیدێکی لیستەکەی عەلاوی بە چەقۆ کوژرا


بزاڤ :


  بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو شەممە لە گوندی لەزاگە سەر بە ناحیەی گەیارەی پارێزگای موسڵ چەند کەسێکی نەناسراو بە چەقۆ هێرشیانکردە سەر فاروق محەمەد کاندیدی لیستی هاوپه‌یمانی وه‌ته‌نی و کوشتیان.

خه‌ڵه‌ف جبوری به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی گه‌یاره‌ به ‌وه‌كاله‌ت ڕایگەیاند، هێرشبه‌ره‌كان پێش بانگی به‌یانی چونه‌ته‌ ناو ماڵی فاروق محه‌مه‌د له‌ گونده‌كه‌ی خۆی (له‌زاگه‌) و به‌ چه‌قۆ كوشتویانه ‌و دواتر هه‌ڵاتوون.

ئەوەشی ڕاگەیاند، فاروق محەمەد زرزور یه‌كێكبوو له‌ كه‌سایه‌تییه‌ گرنگ و دیاره‌كان و جه‌ماوه‌رێكی زۆری له‌ باشوری موسڵ هه‌بوو، ناوبراو كاندیدی لیسته‌كه‌ی ئه‌یاد عه‌لاوی بووە لە هەمان کاتیشدا، و سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی وه‌ته‌نییه‌ بوو له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا.

بەڕێوەبەری ناحیەی گەیارە ئاماژەی بەوەش کرد، له ‌باشوری موسڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ڕێوشوێنی توندیان گرتۆته‌به‌ر بۆ ڕێگریكردن له‌ دروستبوونی كێشه‌ی عه‌شایه‌ری به‌هۆی كوشتنی فاروق محەمەد و له ‌ناوچه‌كه‌دا بڵاوەیانپێکراوە و داوایان له‌ ته‌واوی كاندیده‌كانیش كرد، جموجۆڵه‌كانیان كه‌مبكه‌نه‌وه‌ و به‌ وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ و گه‌شت بكه‌ن.

هاوکات ئەمە دووەمین کاندیدی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە بکوژرێت و پێشتر و لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا کاندیدێکی لیستی عەتای تورکمانی نزیكه‌ له‌ هاوپه‌یمانێتی نه‌سری لیستەکەی حەیدەر عەبادی لە شاری کەرکوک بە دەستڕێژی گولە کوژرا.

ئەوەش لەکاتێکدایە بڕیارە ڕۆژی شەممەی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت بۆ دیاریکردنی خولێکی نوێی پەرلەمان.



‌‌‌
5/7/2018 2:50:41 PM
Print Friendly and PDF