وەرزش

جەماوەری ئێمە و ئەوان


نوسینی / سامان بریفکانی 

چەند رۆژێک لەمەوبەر لە تورکیا بە شەقامی ئیستیقلال گوزەرم کرد، زانیم ئەو خەڵکە چۆن و بە چ شێوەیەک عەشقی یانە وەرزشییەکانی خۆیانن. ئەو رۆژە یاریی نێوان غەڵاتە سەرای و ترابزۆن سپۆر بوو لە خولی نایابی  تورکیا. لە تۆپی پێ
یارییەکە سێ کاتژمێری مابوو، کەچی زۆربەی خەڵکەکە بەدەم گۆرانیی فەرمیی یانەکە ئەو شەقامەیان لە زەواق نابوو. زۆربەی خەڵکەیە درێسی  تیپی غەڵاتەسەرای بە زۆری و تراپزۆن سپۆریش بە تایبەتی پۆشیبوو. بەرانبەر بە یەکترییش دەھاتن، کەچی خەندەیان بۆ یەکتر دەکرد.. ئەوەی درێسی لەبەردا نەبوو، ملپێچ یان کڵاو یاخود کیسەی ئەو یانانەیان بەدەستەوە بوو.

ھەموو گەشتیارانی ئەو وڵاتە بە دڵخۆشی و سەرسامی خەندەیان بۆ دەکردن.
 یەکسەر ھاندان و خۆشەویستیی جەماوەری یانەکانی خۆمانم بیر کەوتەوە، کە چەند جیاوازن لەگەڵ ئەو دیمەنانەی کە بەرچاوم کەوتن. 

لێرەدا باس لە جوانیی ھاندان و ئینتیمای خەڵکەکە دەکەم، نەک خراپیی شێوازی ھاندان و توندوتیژی و رەگەزپەرستی و دەمارگیری کە لە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکانیش بەدی دەکرێ.

ئەوەی لە جەماوەری وەرزشیی خۆمان بەدی دەکرێ، بریتییە لە رەنگدانەوەی حزبی بە پلەی یەکەم، پاشان شارچێتی.. رقلێبوونەوە و نەویستنی بەرانبەر و دەمارگیری و توندڕەوی و تەنانەت دژایەتیکردنی یەکتری دوور لە ھەر پەیوەندییەک بە وەرزش.

کاتێک تیپی تۆپی پێی یانەی ھەولێر یارییەکی گرنگی دەبوو (باس لە سەردەمی زێڕین دەکەم)   ئاڵای حزب بە ئاشکرا بەسەر ھاندەران دابەش دەکرا… ئەمە وای کرد یانەکە رەنگی حزبایەتی پێوە دیار بێ، نەک یانەیەکی جەماوەری، بۆیە وردە وردە ھاندەران روویان لە کەمی کرد. تا گەیشتە ئاستی ئەوەی کە ئێستا دەیبینین.

بیانوو ئەوە نییە کە ئێستا یانەکە ئاستی دابەزیوە و کێشەی دارایی و نەبوونی یاریزانی پیشەگەر.. ئەوەی یانەکەی خۆش بووێ و ھانی یانەکەی بدات، لە ھەموو ساتێک و بۆنەیەک ھەر ھاندەری دەکات. ئەم قسانەم یانەکانی دیکەی وەک سلێمانی و دھۆک و زاخۆ و برایەتی و ئەوانی دیکەش دەگرێتەوە. 

جگە لەمانە، رۆشنبیریی ھاندانیش ھاوتەریبە لەگەڵ ھۆشیاری و رۆشنبیریی گشتیی تاک.
گرنگە جەماوەر باوەڕ بە دۆڕاندن بکات و ھەروەھا یەکتر قبووڵکردن و دوورکەوتنەوەی حزب و کەسایەتی لە یانە وەرزشییەکان زۆر پێویستن.



‌‌‌
4/13/2018 3:15:56 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ