هەواڵ

قائیمقامیەتی سلێمانی خانمان لە زیانەکانی ئەم پاککەرەوە ئاگادار دەکاتەوە


بزاڤـ: ژووری ھەواڵ

بەھۆی دەستکاری کردنی لیبڵەکانیەوە، لە کۆکایەکی شاری سلێمانی دەست بەسەر بڕێکی زۆر ماددەی خاوێنکردنەوەدا دەگیرێت و خاوەنەکەی رووبەرووی یاسا دەکرێتەوە.

گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: لە کۆگاکانی کۆمپانیای سێڤی دەست بەسەر بڕێکی زۆر لیبڵی چاپکراودا گیراوە کە خاوەنەکەی بەویستی خۆی و بۆ درێژکردنەوەی ماوەی بەسەرچوونی ماددەکانی خاوێنکردنەوە بەکاریھێناوە".

ووتیشی: جۆری ئەو ماددانەی بۆ خاوێنکردنەوە بەکاردەھێنرێت شلەمەنیەکانە و زیاتر بۆ لابردنی پەڵەو پیسی سەرکاشی بەکاردێت، کەبۆنێکی تیژی ھەیە و زیان بە تەندروستی مرۆڤ بەگشتی و بەتایبەت کۆئەندامی ھەناسە دەگەیەنێت".

ڕاشیگەیاند: خاوێنکەرەوەکە ناوی (شتاب)ە و لە بازاڕ بە ملخوار ناودەبرێت کە لەووڵاتی ئێرانەوە ھاوردە کراوە، بەکارھێنانی ئەوجۆرانە لە خاوێنکەرەوەکان زیانبەخشە و لەکاتی بەسەرچوونیشی زیانەکەی چەند بەرامبەر دەبێت".

دەشڵێت: سەرجەم لیژنە ھاوبەشەکان ئاگادار کراونەتەوە خاوێنکەرەوەی (شتاب) لە ھەر دوکان یان مارکێتێکدا ھەبێت و بفرۆشرێت دەستی بەسەردابگرن بۆ لەناوبردنی.
ھەروەھا، دەستکاریکردنی لێبڵی سەر کاڵاوشمەکەکان و گۆڕینی زانیارییەکانی یاخود درێژکردنەوە ماوەی بەسەرچوونەکەی سەرپێچی و فێڵی بازرگانییە و لەلایەن لیژنە ھاوبەشەکانەوە سەرپێچیکار رووبەرووی یاسا دەکرێتەوە".

گۆران قادر ئاماژەی بۆئەشکرد، دەست بەسەر تەواوی ماددە خاوێنکەرەوەکانی شتابی کۆمپانیای سێڤی_دا گیراوە و لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە لەناودەبرێت و خاوەنەکەشی رووبەرووی یاسا دەکرێتەوە".

سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی داوا لە خانمان و کابانی ناوماڵ دەکات لەبەرئەوەی خاوێنکەرەوەی شتاب ماوەی بەسەرچوونەکەی دەستکاریکراوە بەکارینەھێنن، خاوێنکەرەوەکانی تریش بەوریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، لەکاتی زۆر پێویستدا نەبێت بەکاری نەھێنن و لەوکاتەشدا کەمامە ببەستن تا خۆیان لەزیانەکانی بپارێزن.


‌‌‌
4/9/2018 8:58:04 AM
Print Friendly and PDF